لە خواردنگەیەکی فەرەنسا رۆبۆتێک گارسۆنیی دەكات

خواردنگەیەک لە فەرەنسا رۆبۆتێک بۆ  گارسۆنیی بەکار دەهێنێت و دەڵێت، “کەس ئامادە نییە ئەو کارە بکات، بۆیە ناچار بووین ڕۆبۆت بە کرێ بگرین، هەر چەندە ناتوانێت وەک مرۆڤێک هەموو کارێک بکات”.

هەمیشە باس لەوە دەکرێت تەکنەلۆجیا بووەتە هەڕەشە لەسەر دەرفەتی کار و شوێنی مرۆڤەکان دەگرێتەوە، بەڵام  لە خواردنگەیەکی فەرەنسا نەبوونی دەستی کار خاوەنەکەی ناچار کردووە ڕۆبۆتێک بۆ  گارسۆنیی بەکاربهێنێت.

جۆفری ڕامپس، خاوەنی خواردنگەکە باس لەوە دەکات، ” ئێستا کێشەمان هەیە لە دۆزینەوەی دەستی کار، بۆیە بڕیارمان داوە ڕۆبۆتێک بەکاربهێنین. پێویست بوو لە کارکردن بەردەوام بین تا لە ئاستی چاوەڕوانی کڕیارانمان بین، بۆ پێشوازیی و قسەکردن لەگەڵ کڕیاران پێویستت بە خەڵکە، بۆیە ناتوانێت بە تەواوی ببێتەوە جێگرەوەی مرۆڤ.”

خاوەن خواردنگەکە دەڵێت، تەنانەت هەوڵیان داوە دەرفەتی کارکردن بەو کەسانەش بدەن کە ئەزموونیان لە بوارەکە نییە، بەڵام لە کارەکە بەردەوام نەبوونە. کڕیارانیش دەڵێن، کەمی کرێی کار وای کردووە دەستی کار کەم ببێتەوە.

لۆڕەنس ڤالێنتین، کڕیارە و ئاماژە بەوە دەدات، “بە بڕوای من ئەگەر پارەیەکی زیاتر بە خەڵك بدەین، کارمەندێکی زیاترمان دەبێت، هەرچەندە ئەو ڕۆبۆتە پێکەنیناوییە، بەڵام پێم خۆشترە کارمەندەکە مرۆڤ بووایە.”

بە گوێرەی وەزارەتی کاری فەرەنسا، لە کۆتایی ساڵی 2022 لە ٪75ـی خواردنگە و هۆتێل و شوێنەکانی دیکەی مانەوە کێشەی نەبوونی دەستی کاریان هەبووە، سەرەڕای ئەوەی خاوەن کارەکان ئامادەبوونە کرێی کارکردنیش بۆ کارمەندەکان زیاد بکەن.

ھەواڵی زیاتر