له‌ مه‌كسیك به‌هۆی شه‌پۆلی گه‌رماوه 48 حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان تۆماركران

له‌ مه‌كسیك به‌هۆی شه‌پۆلی گه‌رمای سه‌خته‌وه،‌48 حاڵه‌تی گیان له‌ده‌ستدان تۆماركران، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدا پێشبینی ده‌كرێت پله‌كانی گه‌رما له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتودا به‌رزبوونه‌وه‌ی پێوانه‌یی له‌و وڵاته‌ تۆماربكات. 

هاوكات له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا، زریان و ته‌رزه‌ بارین ناوچه ‌جیاجیاكانی ئه‌و وڵاته‌ی گرته‌وه‌ و زیانی لێكه‌وته‌وه‌.
ئاژانسی هه‌واڵی رووسیا توده‌ی له‌ زاری به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی مه‌كسیك بڵاویكردۆته‌وه‌، چل و هه‌شت حاڵه‌تی مردن له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌ جیاجیاكانی مه‌كسیك تۆماركراون كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌و شه‌پۆله‌ گه‌رماوه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی نیسانی ئه‌مساڵه‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌، هه‌روه‌ها نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س توشی كێشه‌ی ته‌ندروستی جۆراوجۆربوون.

 ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ساڵی رابردووش هه‌ر به‌هۆی گه‌رماوه‌ چوارسه‌د و نۆزده‌ حاڵه‌تی مردن له‌ مه‌كسیك تۆماركراون كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانی129 ملیۆن كه‌سه‌، سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ش ئه‌و گه‌رمایه‌ی كه‌ رووی له‌ مه‌كسیك كردووه‌ به‌ دیارده‌یه‌كی مێژوویی ده‌گمه‌ن ناو ده‌بات.


 ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما و كه‌می با كێشه‌ی پیسبوونی له‌ پایته‌ختی مه‌كسیكۆ سیتی زیادكردووه‌.