فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی توركیا چۆن بووەتە باسوخواسی میدیاكانی جیهان

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەركە هەواڵی تێكشكانی هەلیكۆپتەری ئیبراهیم رەئیسی، سەركۆماری ئێران بڵاوكرایەوە، میدیاكان چاویان لەوەبوو چۆن سەرنشینانی ناو هەلیكۆپتەرەكە رزگار دەكرێن، بەڵام دوای چەندین سەعات گەڕان، نەگەیشتن بە هیچ ئەنجامێك، بەڵام فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی توركی، توانی شوێنی كەوتنەخوارەوەی هەلیكۆپتەرەكە بدۆزێتەوە.

فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی، لە میدیاكانی جیهان باسی لێوە كرا، بەتایبەت كاتێك لە ماوەیەكی كەمدا توانی شوێنی هەلیكۆپتەری رەئیسی بدۆزێتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تیمەكان بگەنە شوێنەكە و تەرمی رەئیسی و ئەوانەی لەگەڵی بوون بدۆزرێتەوە.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، هۆكاری تێكشكانی هەلیكۆپتەری سەركۆماری ئێران چی بووە، بەڵام ئێران داوای لە رووسیای هاوپەیمانیی كردووە، كە هاوكاریان بێت بۆ لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەسەر چۆنییەتی تێكشكانی هەلیكۆپتەرەكەی سەرۆكیان.
ئەگەرچی هەریەك لە وڵاتانی (ئازەربێحان، عێڕاق، رووسیا) داوایان كرد هاوكاربن بۆ دۆزینەوە هەلیكۆپتەرە تێكشكاوەكە، بەڵام ئێران داوای لە توركیا كرد هاوكاری بكات بۆ دۆزینەوەی فڕۆكە تێكشكاوەكەی سەرۆكیان.
ئاژانسی (ئەنادۆڵی) توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەو ئێوارەیەی هەلیكۆپتەری رەئیسی تێكشكا، سەعات ١٢ی شەو، وەزارەتی دەرەوەی ئێران پەیوەندی بە وەزارەتی دەرەوەی توركیا كردوە و داوای هاوكاری لێكردوون بۆ دۆزینەوەی هەلیكۆپتەرەكە، وەزارەتی دەرەوەی توركیاش، وەزارەتی بەرگری لێئاگادار كردووەتەوە.
هەلیكۆپتەری (Coguar)، لە ئامەدەوە بەرەو وان فڕی، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەش و هەوا لەبار نەبووە بۆ ئەوەی بچێتە ئەو شوێنەی هەلیكۆپتەری رەئیسی تێدا تێكشابوو، بۆیە وەزارەتی بەرگری ئێرانیان ئاگادار كردەوە، كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی، دەنێرن بۆ دۆزینەوەی هەلیكۆپتەرەكەیان و ئێرانیش قبوڵی كردووە.
فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی، لە باتمانی باكووری كوردستانەوە بەرەو ئێران فڕی و لە ماوەی یەك سەعاتدا گەیشتە ئەو شوێنەی كە هەلیكۆپتەری رەئیسی تێدا تێكشكا.
دوای حەوت سەعات گەڕان و پشكنین بۆ دۆزینەوەی هەلیكۆپتەری رەئیسی، توانی بگەڕێتەوە بۆ توركیا و هەروەها، توانی شوێنی هەلیكۆپتەرەكە بدۆزێتەوە و ئەوەش بووە هۆی ئەوەی، تەرمی رەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەوانەی لەناو هەلیكۆپتەركە بوون بدۆزرێتەوە.
میدیاكانی جیهان و ئێران بڵاویان كردەوە، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی توركی، رۆڵی سەرەكی هەبوو لە دۆزینەوەی هەلیكۆپتەری رەئیسی و ئەگەر ئەوان نەبوونایە، بەئاسانی نەدەگەیشتنە شوێنی ئەو هەلیكۆپتەرەی تێكشكابوو.
زانیاری لەسەر فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی؟
فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی، لەلایەن وڵاتی توركیاوە بەرهەم دەهێنرێت و كۆمپانیای بایكار بەرهەمی دەهێنێت.
لەسەروبەندی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا، ئاكنجی ناوبانگی لە جیهاندا پەیدا كرد و وەكوو فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی گرنگ ناوی هێنرا، چونكە ئۆكڕاینا سوودی زۆری لێبینی.
توركیا لەماوەی ٢ ساڵی رابردوودا، فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی، بە چەندین وڵاتی ئەفریقیا و وڵاتانی ئاسیا فرۆشتووە، بۆیە ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی كۆمپانیای بایكار، لە لیستی وەزارەتی بەرگری توركیا، لە ریزبەندی یەكەم بێت بەوەی زۆرترین فڕۆكەی بە وڵاتان فرۆشتووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە، لە ٢٠٢٣دا بەڕێژەی ٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، چەكیان فرۆشتووە، كە یەك ملیار و ٧٦٦ ملیۆن دۆلاری ئەو پارەیە تەنیا فرۆشتنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی بووە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بایكار بڵاوی كردووەتەوە، توانیویانە بۆ ٣٣ وڵات فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی بنێرن و هەروەها چەند وڵاتێكی تریش داوایان كردووە گرێبەستیان لەگەڵدا بكەن تا بتوانن سوودمەند بن لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی.
بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاریگەریی دەبێت
حكوومەتی ئاكەپە، زۆر شانازی بەو ساتە دەكەن كە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی، توانی شوێنی هەلیكۆپتەری رەئیسی بدۆزێتەوە و دەڵێن، سیستەمی بەرگری توركیا بەرەو پیشەسازیبوون چووە، كە ئەمە خەونی گەورەی ئەو وڵاتەیە.
ئاژانسی (BBC) بڵاوی كردووەتەوە، رەنگە ئەم هەنگاوەی توركیا، بە بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی ئاكنجی بۆ دۆزینەوەی هەلیكۆپتەری تێكشكاوی سەركۆماری توركیا، ببێتە هۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو، كاریگەریی لەسەر دەنگدەر هەبێت، چونكە گەلی توركیا شانازی بە سیستەمی بەرگری خۆیان دەكەن.
ئەگەرچی رەوشی ئابووری توركیا زۆر خراپە، بەڵام ئەم جۆرە هەنگاوە سەربازییانە و هەروەها باس كردنی لە میدیا جیهانییەكان، وا لە دەنگدەر دەكات لەسەر سندوقی دەنگدان لە ئاكەپە نزیك ببنەوە.

ھەواڵی زیاتر