ڕووداوەکەی ئێران دڵەڕاوکێی لە بازاڕە داراییەکاندا دروست کردووە

گیان سپاردنی سەرۆککۆماری ئێران، وەزیری دەرەوە و چەندین بەرپرسی دیکە، کاریگەریی خێرایان لەسەر بازاڕە داراییەکان بە شێوەیەکی گشتی هەبووە. کاریگەرییەکە بە شێوەیەکی دیار لەسەر بەهای تومەن و نرخی نەوتی خاو دەرکەوت.

دوێنێ یەکشەممە، 19-05-2024، پێش ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە، بەهای 100 دۆلار بە نزیکەی پێنج ملیۆن و 700 هەزار تومەن مامەڵەی پێوە دەکرا، بەڵام لەگەڵ ڕووداوەکەدا، بەهای تومەن کەمی کرد، بە شێوەیەک بەهای هەر 100 دۆلارێک بۆ زیاتر لە شەش ملیۆن تومەن بەرز بووەتەوە.

ئەمەش بەو واتایە دێت بەهۆی ڕووداوەکەوە، بەهای هەر 100 دۆلارێک بەرامبەر بە تومەن، نزیکەی 300 هەزار تومەن بەرز بووەتەوە.

هاوکات بەهۆی ڕووداوەکەوە، بەشێکی زۆر لە چالاکییە دارایی و ئابوورییەکان ڕاگیراون و بۆرسەی تارانیش داخراوە.

بەهای تومەن لە داهاتوودا پەیوەستە بە دۆخی سیاسیی ئێران، چونکە لە چەند هەفتەی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوە دەچێت و دەبێت کەسێکی نوێ بۆ شوێنی ئیبراهیم رەئیسی دەستنیشان بکرێت، ئەوەش بەواتای گۆڕان دێت لە سیاسەتی ئابووریی و دارایی وڵاتەکە، کە بێگومان ئەوە کاریگەری لەسەر بەهای تومەنی ئێرانی دەبێت.

بەشێک لە چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆککۆمار، لێکەوتەی ئەو دۆخە خراپە ئابوورییەیە کە وڵاتەکە بەهۆی سزا سەپێنراوەکانەوە پێیدا تێدەپەڕێت.

بەشێوەیەک سزاکان ڕێگە بە ئێران پێنادەن دەستی بە هیچ پارچەیەکی یەدەگی فڕۆکە و کۆپتەر بگات، ئەمەش وایکردووە فڕۆکە و کۆپتەرەکانی ئەو وڵاتە بە خراپترین فڕۆکە و کۆپتەر لەقەڵەم بدرێن و ساڵانە چەندین ڕووداو بەهۆی کۆنی و خراپییانەوە ڕوو بدات.

کاریگەریی ڕووداوەکە لەسەر بەهای نەوت

ڕووداوەکەی ئێران تەنها کاریگەری لەسەر بەهای تومەن نەبوو، بەڵکوو گۆڕانی لە بازاڕە داراییەکانی جیهانیشدا دروست کرد، بەشێوەیەک کە بەهۆی ڕووداوەکەوە نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ 84.4 دۆلار بەرزبووەوە، ئێستا نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بۆ نزیکەی 84 دۆلار دابەزیوە.

کەوتنەخوارەوەی هێلکۆپتەرەکەی سەرۆککۆماری ئێران، تائێستاش وەکو ڕووداوێکی ناڕوون لە قەڵەم دەدرێت، ئەمەش جۆرێک لە ناسەقامگیری بۆ بازاڕە داراییەکان هێنایە ئاراوە.

بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە ئێران یەکێکە لە بەرهەمهێنەرانی نەوت و هاوکات بەشێکە لەو ململانێ و ئاڵۆزییانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، ئەمە وای کردووە لە بازاڕە داراییەکاندا جۆرێک لە دڵەڕاوکێ بەدیبکرێت و ئەوەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی نەوت دەبێت.

بە شێوەیەکی گشتی بازاڕە داراییەکان ئێستا لە چاوەڕوانی کاردانەوەی ڕووداوەکەدان، پەیام و لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە لەبارەی ڕووداوەکە یەکلاییکەرەوە دەبێت لەسەر بازاڕە داراییەکان؛ بۆیە دەبێت چاوەڕێی گۆڕانی چەند کاتژمێری داهاتووی بازاڕە داراییەکان بین.