ئاسایشی تورکیا هەشت کەسی بە تۆمەتی داعش بوون دەستگرکرد

دەسەڵاتدارانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا هەشت کەسیان بە تۆمەتی داعش بوون لەچەند شارێکی جیاواز دەستگیرکرد.

تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی لقی دژەتیرۆری فەرماندەیی جەندرمە لە رحا بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی داواکاری گشتی، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی کرد و هەشت کەسیان بە تۆمەتی داعش بوون دەستگیرکرد.

 لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەو شوێنەیان دەستنیشان کرد، کە هەشت کەس خۆیان تێدا حەشاردابوو.کە گومانیان لێدەکرا ئەندامی ڕێکخراوی داعش بن.

لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا ئەو هەشت کەسەی کە دەستگیرکراون لە شارەکانی، “رحا، ئیستانبوڵ، مێرسین، کۆنیا، سەکاریا و بوڵو” بوون.

 تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی لقی دژە تیرۆر، لەکاتی گەڕان پشکنینەکاندا دەستیان بەسەر 10 کەرەستەی دیجیتاڵیدا گرتووە.

 لە سەرەتای مانگی ئایاردا، عەلی یەرلی کایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، دەستگیرکردنی 41 گومانلێکراوی سەر بە ڕێکخراوی داعشی لە 12 پارێزگای تورکیا ڕاگەیاند.