دەمیرتاش بەئاشكرا داوای لە كورد كرد دەست بخەنە ناو دەستی ئەردۆغان بۆ پرسی چارەسەری

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی٣ی٢٠٢٤، بۆ ئاكەپە مایەی نیگەرانیی و شكست بوو، بەڵام جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، توانی ببێتە پارتی یەكەم و بۆ یەكەمجارە لە دوای دروستبوونی ئاكەپە لە ٢٠٠٢، جەهەپە توانی بەپێش ئەو پارتە بكەوێت و براوەی هەڵبژاردن بێت. ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانیدا، كۆتایی بە دەسەڵاتی ئاكەپە بهێێن لە توركیا و ئیدی سەردەمی ئەوان دەستپێبكات، بەڵام رجەب تەییب ئەردۆغان، جموجۆڵی سیاسی و تەكتیكی دەستپێكردووە، تا بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی و پەرلەمان، براوەی هەڵبژاردن بن.

هەنگاوی یەكەمی ئەردۆغان، نزیكبوونەوەی بوو لە ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە و لە كۆشكی كۆماریی پێشوازییەكی گەرمی لێی كرد، داوای لێكرد هاوكاری بێت تا دەستووری توركی هەموار بكرێتەوە. ئەردۆغان، دەیەوێت یاسای هەڵبژاردن هەموار بكرێتەوە، بەوەی لە بری ٥٠+١، سەركۆمار بە ٤٠+١ براوەی هەڵبژاردن بێت. هەروەها دەیەوێت رێگەش بۆ خۆی خۆش بكات تا بتوانێت بۆ گەڕێ سێیەم ببێتەوە بە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.
ئۆزەل، كەوتووەتە ژێر فشاری بەشێكی زۆری سەركردەی پارتەكەی و هەروەها ئەو نووسەر و رۆژنامەنووسانەی پشتگیریان لێی دەكرد، چونكە پێیانوایە ئەردۆغان، گۆڕانكارییەكانی تەكتیكییە نەك ستراتیژی، واتە بەشێوەیەكی تەكتیكی دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن لاواز بكات و لە هەڵبژاردنی داهاتوو براوەی هەڵبژاردن بێت، بۆیە ئۆزەل، ناتوانێت بە تەنیا هیچ بڕیارێك لەبارەی هەمواری دەستووری توركیا بدات.
ئەمجارەیان ئەردۆغان، لەگەڵ سەرۆك جەهەپەیەكی دۆڕاوی هەڵبژاردن گفتوگۆ ناكات، بەڵكوو لەگەڵ ئۆزەلدا گفتوگۆ دەكات، كە براوەی هەڵبژاردنە و ئەمجارەیان ئۆزەل مەرجەكانی خۆی دەسەپێنێت، بەڵام ئایە، مەرجەكانی لەلایەن ئەردۆغانەوە بەهەند وەردەگیرێت؟
لە هەمواركردنەوەی دەستووری توركیادا، كورد هیچ رۆڵێكی نییە، پارتەكانی ناو پەرلەمانی توركیاش، بەهیچ شێوەیەك باس لەوە ناكەن، لە دەستووری تازەدا كورد رۆڵی دەبێت یان وەكوو نەتەوە دەیناسێنن و دان بەزمانەكەیدا دەنێن، بۆیە دەم پارتی، لەناو پەرلەمانی توركیا و لەرێگەی سۆسیال میدیاوە، هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە تا كورد فەرامۆش نەكرێت، بەتایبەت رووی دەمییان لە ئۆزەلە، كە ناكرێت لەسەر دەستوورێك لەگەڵ ئەردۆغاندا رێكبكەوێت، كە كورد مافی پێنەدرێت، لە كاتێكدا سەركەوتنی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، بەدەنگی كورد بووە، بەتایبەت لە ئیستانبۆڵ و ئەنتاڵیا و ئەدەنا.
ئەگەر ئەردۆغان، لەگەڵ ئۆزەلدا نەیتوانی بگاتە ئەنجام و ئامانجەكەی نەهاتە دی، كە رێگەی بۆ خۆش بكرێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەربژێری سەرۆكایەتیی، ئەوكات دوو رێگەی لە بەردەمدایە:
یەكەم: توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە و چاوەڕێی ٢٠٢٨ نەكەن، چونكە تەنیا بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، ئەردۆغان بۆی هەیە خۆی بەربژێر بكاتەوە، بۆیە دوور نییە ئەردۆغان ئەم هەنگاوە بەهەند وەربگرێت.
دووەم: لەگەڵ دەم پارتی رێكبكەوێت بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور، چونكە لەناو پەرلەمان دەنگی دەم پارتی، رێگەخۆشكەرە تا دەستووری هەمواركراو بخرێتە ریفڕاندۆم و میللەت دەنگی لەسەر بدات. ئەگەر وونتری بكەینەوە، بەدەنگی دەم پارتی، ئاكەپە و مەهەپە ٣٦٧ دەنگی بەڵێ بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور كۆدەكەنەوە، بەمەش دەستوور دەخرێتە ریفڕاندۆمەوە، وەكوو سیناریۆی ٢٠١٧، كە بەدەنگی مەهەپە و ئاكەپە، توانی سیستەمی سیاسی توركیا لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆكایەتیی بگۆردرێت.
كورد هەموو كاتێك لە دەستووردا دانی پێدا نەنراوە و وەكوو میللەتی تورك سەیر كراوە و زمانەكەشی وەكوو زمانێكی قەدەغەكراو تەماشا كراوە، بۆیە رەنگە ئەردۆغان و پارتەكەی، بە چەند پێشنیارێكەوە روو لە دەم پارتی بكەن و داوای لێبكەن، پاڵپشتیان بكات لە هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا.
ئەگەر سەیری پەیامی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی زیندانیكراوی پێشووی هەدەپە بكەین، كە چەند مانگێك بەر لە ئێستا بڵاوی كردەوە، دەڵێت بۆ بەرژەوەندی كورد و بەدیهێنانی مافی كورد، ئاساییە كورد لەسەر مێزی كفتوگۆ لەگەڵ ئەردۆغان و ئاكەپە دابنیشێت.
ئەمە یەكەمجارە دەمیرتاش، داوا بكات كورد گفتوگۆ لەگەڵ ئەردۆغاندا بكات، بۆیە پەیامەكەی روونە، كە چارەسەركردنی پرسی كورد، لەسەر مێزی ئەردۆغانە، نەك پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا، بەڵگەش بۆ ئەوە، ئەو پشتتێكردن و خیانەتانە بووە كە پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان لە توركیا لە كوردیان كردووە، بەتایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتیی ٢٠٢٣.
رەنگە پرسیارێك لای خوێنەر دروست ببێت، چۆن مەهەپەی نەژادپەرست رێگە دەدات، ئەردۆغان لە دەستووری تازەدا دان بە مافی كورد بنێت؟
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، سیاسییەكی بە ئەزموونە، ئەو لەكاتی شكست و لاوازیدا دەزانێت چۆن هەڵستێتەوە، هەروەها بۆ مانەوەی خۆی و هاوپەیمانیی (كۆماریی)، خۆی بێدەنگ دەكات و رەنگە تەنیا لەرێگەی میدیاكانەوە چەند رەخنەیەك بگرێت، بەڵام بەنهێنی و بەناچاری پاڵپشتی لەو هەنگاوەی ئەردۆغان دەكات، ئەویش بەو مەرجەی، ئەگەر ئەردۆغان هیچ رێگەیەكی تری نەبێت بۆ مانەوەی خۆی و پارتەكەی، ئەوكات روو لە دەم پارتی بكات، بۆیە گرنگە دەم پارتی و سیاسی و بیرمەندانی كورد، نەهێڵن لە دەستووری تازەی توركیادا فێڵیان لێ بكرێت و فەرامۆش بكرێن، چونكە بە فەرامۆش كردنی ئەوان، رەنگە پرسی كورد بكەوێتە ناو تونێلێكەوە هیچ رووناكییەك بۆ دەربازبوونی نەبینرێت.