وەزیری دەرەویە تورکیا ئاشکرای کرد، ماوەیەکی درێژە ئامادەکاریی بۆ سەردانی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هەولێر دەکرێت. هاوکات گوتیشی: دەمانەوێت سەردانەکە بەرهەمداربێت.
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لەمیانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا باسی لە سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر کرد و گوتی: لە سەردانەکەدا ئامانجمانە پەیوەندییەکانمان ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەییی و گەشەپێدان.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، ماوەیەکی درێژە ئامادەکاری بۆ ئەو سەردانە دەکەین و دەمانەوێت سەردانەکە بەرهەمداربێت.
هاکان فیدان، ئاماژەی بەوەدا، لە پرسەکانی ئەمنی، وزە، کشتوکاڵ، ئاو، تەندروستی و پەروەردەیی چەندین کاری جیاواز هەن، لە سەردانەکەدا زیاتر لە 20 رێککەوتن واژۆ دەکرێن و سەردانەکە بۆ بەغدا و هەولێر دەبێت.
فیدان دەڵیت: تورکیا پشتگیری لە هەنگاوەکانی سوودانی بۆ سەقامگیری ناوچەکە و گەشەپێدان دەکات، رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی واژۆ دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، گوتیشی: “لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆدەبینەوە و دووپاتی پاڵپشتییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکەینەوە”.
رۆژی (19ـی نیسانی 2024) دوای تەواوبوونی لە نوێژی هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا به رۆژنامهنووسانی راگەیاند، دوای سەردانەکەی 22ـی ئەم مانگەی بۆ بەغدا، سەردانی هەولێر دەکات و باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت.
پێشتر ئەردۆغان رایگەیاندبوو کە لەوانەیە سەردانی هەولێر بکات، بەڵام ئەمجارەیان ئاماژەی بەو تەوەرانەش کرد کە لە هەولێر دەخرێنە بەرباس.
شاندی یاوەری ئەردۆغان پێکهاتووە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوە، ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگری (میت)، ئالپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکان کە هەریەکەیان پێشتر سەردانی بەغدا و هەولێریان کردبوو.
بڕیار بوو ئەردۆغان، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو سەردانی عێراق بکات، بەڵام ئەنقەرە هیچ شتێکی دەربارەی ئەو سەردانە نەگوت، ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە ناکۆکی لەسەر کێشەکانی ئاو و وزە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبوو.
تورکیا و عێراق پێشبینی دەکەن پەیوەندییەکانیان لەدوای سەردانەکەی ئەردۆغان بەرەو پێشەوە بچێت، هەروەک پێشبینی دەکرێت، ئەنقەرە و بەغدا ڕێککەوتنێکی ستراتیجی مۆر بکەن، کە لایەنی ئەمنی و ئابووری و گەشەپێدان و هەروەها دۆسیەکانی ئاو و وزە لەخۆ بگرێت.
یەکەمجارە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، وەک یەکەم سەرۆک لە مێژووی تورکیادا سەردانی عێراق بکات، ئەردۆغان لەسەردانەکەیدا بۆ بەغدا و هەولێر دەبێتە یەکەم سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە مێژوودا کە سەردانی هەولێری کردووە. کۆتا جاریش ئەردۆغان کە سەردانی عێراقی کرد لە ساڵی 2011 بوو.