پارتی سەر لە نوێ رەفاح چۆن توانی ببێتە سێیەم گەورەترین پارتی توركیا؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

بەرزبوونەوەی رێژەی دەنگەكانی پارتی سەر لە نوێ رەفاح، كە فاتیح ئەربەكانی كوڕی نەجمەدین ئەربەكان سەرۆكییەتی، مشتومڕێكی زۆری لەناو توركیا بەدوای خۆیدا هێناوە. هەموو ئەو پرسیارە دەكەن، ئایە بەرزبوونەوەی دەنگی ئەو پارتە تازەیە، بەردەوام دەبێت، یان بەزوویی وەكوو بەفر دەتوێتەوە.

بەرپرسانی ئەو پارتە، پێیانوایە دەنگی ئەوان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان زۆر لەوەی ئێستا زیاتر دەبوو، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە چەند شوێنێك ركابەرەكانیان بەهێزبوونە، بۆیە نەیانتوانیوە سەركەوتوو بن تێیدا و پێیانوایە لە هەڵبژاردنی داهاتوو، سوپڕایزی گەورەیان دەبێت.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، پارتی سەر لە نوێ رەفاح، توانی ببێتە پارتی سێیەم لە توركیا و دەنگەكانی لە دەم پارتیش زیاتر بوو.
رێژەی دەنگەكانی ئەو پارتە، ٦.٢٢٪ بوو، توانی گەورە شارەوانیی روحای باكووری كوردستان بباتەوە و هەروەها شارەوانیی شارێكی تریشی بردەوە بەناوی یۆزگات و جیا لەوەش لە ٣٨ ناوچەی تەواوی توركیادا، سەرۆكی شارەوانیی بردەوە.
ئەوەی بووە جێگەی مشومڕ و قسەی زۆری لەسەر كرا، قاسم گولپنار بوو، كە بەربژێری پارتی سەر لە نوێ رەفاح بوو و توانی لە روحا ٣٨.٨٧٪ی دەنگەكان ببات و چۆكی بە بەربژێرەكەی ئاكەپە و دەم پارتی دادا.
پارتی سەر لە نوێ رەفاح، دەیەوێت ببێتە شوێنگرەوەی ئاكەپە، بەتایبەت كاتێك ئاكەپە دەنگەكانی لە توركیا بەرەو كەمی دەچێت، ئەو پارتە، وەكوو پارتێكی موحافیزكار، بە هەستێكی میللییەوە هاتووەتە ناو كایەی سیاسەت و لە ماوەی دوو ساڵدا، سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە، یەكەمیان لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ بوو، كاتێك توانی ٥ پەرلەمانتار بباتەوە، هەروەها لەم هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی٣ی٢٠٢٤یش توانی دوو شارەوانیی و ٣٨ ناوچە بباتەوە.
راستە دەنگێكی زۆری ئەو پارتە، دەنگی ئاكەپەیە و ئەو دەنگدەرانەی لە ئاكەپە نیگەران و بێزارن دەنگیان بەو پارتە داوە، بەڵام پرسیارە جیدییەكە ئەوەیە، ئایە ئەو پارتە بەردەوام دەبێت لەو سەركەوتنانەی بەدەستی هێناوە؟
محەممەد ئاڵتنئۆز، بەربژێری پارتی سەر لە نوێ رەفاح بۆ بانەی ئیستابۆڵ، پێیوایە لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، دەنگەكانیان زۆر زیادی دەكرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی سیستەم ركابەری بوو لە نێوان دوو بەربژێری ئاكەپە و جەهەپە، بۆیە دەنگی ئەوان وەكوو پێویست نەبووە.
باس لەوەش دەكات، ئەوان ئومێدیان هەیە، دەنگەكانیان زۆر زیاتر بێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوو سەركەوتنی زۆر لە ئێستا گەورەتر بەدەست دەهێنن.
دەنگۆی ئەوە بڵاوكراوەتەوە، لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی، پارتی سەر لە نوێ رەفاح، دەچێتە ناو هاوپەیمانیی (كۆماریی)، وەكوو چۆن لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار، چووە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە، بەڵام ئاڵتنئۆز قسەی بۆ ئاژانسی (DW) توركی كردووە و ئەو دەنگۆیانە رەتدەكاتەوە، دەڵێت ئێمە بەر لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، ٣٠ مادەمان داوەتە ئاكەپە و گوتومانە ئەگەر ئەو مادانە جێبەجێ دەكەن، ئێمە دێینە ناو هاوپەیمانییەكەتانەوە، ئەو مادانەش ئەستەمە بە ئاكەپە جێبەجێ بكرێت.
فاتیح ئەربەكان، سەرۆكی پارت، دەڵێت ژمارەی ئەندامانی پارتەكەیان ٥١٦ هەزار و ٨٠٠ ئەندامە، لە ٦ بۆ ٧ مانگی یەكەم، رۆژانە هەزار ئەندامیان كەمی دەكرد، بەڵام وەكوو ئەوەی فاتیح باسی دەكات، ئێستا رۆژانە دوو هەزار و ٥٠٠ ئەندامیان زیاد دەكات و لەڕووی ژمارەی ئەندامەوە پارتی خاس و مەهەپەیان تێپەڕاندووە.
ئەم ئامارەی ئەربەكان، ئەوە دەسەلمێنیت ئەو پارتە رۆژ بە رۆژ بەرەو هەڵكشانە، بەتایبەت لای دەنگدەری موحافیزكاری تورك و كورد، چونكە خۆیان بە پارێزەری ئیسلام ناوەزەند دەكەن و دەڵێن، بەروحی نەجمەدین ئەربەكان سیاسەت دەكەین.
پارتی سەر لە نوێ رەفاح دەنگی كام پارتی بردووە؟
لە هەڵبژاردنی ١٤ی ئایار، پارتی سەر لە نوێ رەفاح، چووە ناو هاوپەیمانیی (كۆماریی)، بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، بڕیاریدا بە تەنیا بچێتە ناو هەڵبژاردن، فۆكەسیشی خستبووە سەر قەیرانی داراییی لە توركیا و هەروەها پاڵپشتیكردنی غەززەش، یەكێك بوو لە پروپاگندەی هەڵبژاردنی ئەو پارتە و بە توندی دژی ئاكەپە دەوەستایەوە.
موراد كەران، سەرۆكی دەزگای لێكۆڵینەوەی ئاریا، پێیوایە دوو بنەمای سەرەكی هەن بۆ بەرزبوونەوەی دەنگەكانی پارتی سەر لە نوێ رەفاح، یەكەمیان، قەیرانی دارایی توركیایە، كە ئەو پارتە توانی بەشێكی دەنگدەرە موحافیزكارەكانی ئاكەپە بۆ لای خۆی رابكێشێت، بەتایبەت ئەو دەنگدەرانەی لە ئاكەپە زیاتر دەنگیان بە پارتێكی تر نەدەدا و پارتی سەر لە نوێ رەفاح، بۆ ئەوان گرنگ بوو، چونكە ئایدۆلۆژیای ئایینی هەیە.
دووەمیش، پەیوەندی بە شەڕی ئیسرائیل و غەززە هەیە، كە پارتی سەر لە نوێ رەفاح، دەیانگوت دەبێت توركیا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنێت، دەنگدەرێكی زۆر هەیە لە توركیا لەوڕووە زۆر هەستیارن، بۆیە دەنگیان بە پارتی سەر لە نوێ رەفاح داوە.
لەبارەی ئەوەی ئایە دەنگی ئەو پارتە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا دەبێت؟ كاران بۆ (DW) كردووە و پێیوایە بەڵێ، چونكە نزیكەی ٨٪ی دەنگدەری توركیا، پەیوەستییەكی تەواویان بە ئاینی ئیسلامەوە هەیە، واتە دەنگ بەو پارتە دەدەن، كە ١٠٠٪ ئایدۆلۆژیای ئیسلامی هەیە، بۆیە پارتی سەر لە نوێ رەفاح، ئایدۆلۆژیای ئیسلامبوونی نەشاردووەتەوە.
وەكوو ئەوەی كاران باسی دەكات، ئەگەر زۆرە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ٢٠٢٨دا، پارتی سەر لە نوێ رەفاح، دەنگەكانی بۆ ١٥٪ بەرز بكاتەوە.