پرسی چارەسەری بابەتی گەرم و گوڕی توركیایە

كارزان گلی – هه‌ولێر

پرسی چارەسەری، لەدوای هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانی 2015، لە توركیا كۆتایی پێهات و وەكوو ئەوەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا گوتی :”لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد، ئەوەی هەیە كێشەی پەكەكەیە”. بەڵام لە هەموو هەڵبژاردنێكدا، پرسی چارەسەری، پرسێكی گەرمی كەسایەتییە سیاسییەكان و شڕۆڤەكارانی سیاسییە.توركیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان نزیك دەبێتەوە، باس لە نزیكبوونەوەی نهێنی دەم پارتی و ئاكەپە دەكرێت، بەوەی دەم پارتی لە ئیستانبۆڵ بەربژێری هەبێت و ئەوانیش پرسی چارەسەری دەهێننەوە بەرباس.

ئەگەرچی تاوەكوو ئێستا، هیچ بەرپرسێكی ئاكەپە و دەم پارتی، بەفەرمی نەیانگوتووە رێككەوتنیان لەگەڵ یەكتریدا كردووە، بەڵام لەمیدیاكانی خۆیان و بەشێوەی ناڕاستەوخۆ باس لەوە دەكەن، ئیستانبۆڵ بۆ ئاكەپە و لەبەرامبەردا پرسی چارەسەری دێتەوە بەرباس و هەروەها جارێكی تر شارەوانییەكانی كورد لە باكووری كوردستان قەیووم ناكەن.
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەسەر بازنەی ئامەد، هەروەها راوێژكاری پێشووی تورگوت ئۆزاڵ، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، پێیوایە دەنگۆی هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری گەرم و گوڕە و ئەگەر هەیە بێتەوە بەرباس، بەڵام لەلایەن حكوومەتەوە هیچ شتێكی فەرمی بوونی نییە.
نابێت باس لە پەیامە گرنگەكەی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە نەكەین، كە بەئاشكرا داوا دەكات كورد لە رەجەب تەییب ئەردۆغان نزیك بێتەوە، بەو مانایەی پێویست دەكات ئەردۆغان بەهێز بێت نەك لاواز.
دەمیرتاش، لە پەیامێكی درێژدا كە بۆ كۆنفڕانسی ئاشتی لە ئامەد ناردبووی، پێیوایە ئەو كەسانەی دەبێت لەسەر مێزی پرسی چارەسەری دانیشن و رۆڵی گەورەیان هەبێت، ئەردۆغان و عەبدوڵا ئۆجەلانە. ئەگەرچی رەخنەیەكی زۆر لە دەمیرتاش گیراوە و دەڵێن چۆن دەبێت بەو شێوەیە باس لە ئەردۆغان بكات و پێی وابێت تەنیا ئەو دەتوانێت پرسی چارەسەری بگەیەنێتە ئەنجام، بەڵام ئەوە لەراستیی پەیامەكەی ناگۆڕێت كە دەمیرتاش، وردبینانەتر ئەو پەیامەی نووسیوە و گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، لە دوای ئەردۆغان، هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری زۆر ئەستەم دەبێت و مێژووش سەلماندوویەتی، پارتە سیاسییەكانی توركیا، چەند دڵڕەق و نەژادپەرست بوونە بەرامبەر بە پرسی كورد.
یڵدرای ئۆغوور، نووسەری دیاری توركیا، لە نووسینێكدا كە لە رۆژنامەی (قەرار)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە و ئەو رۆژنامەیەش سەر بە ئاكەپەیە، دەڵێت ئەگەر لەم وڵاتە پرسی كورد بوونی نەبێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین، كە كورد ئەكتەرێكی گرنگی سیاسییە لە توركیا و لەڕووی دیموگرافیشەوە هێزێكی گەورەیە.
ئەو دەنووسێت: ”سەرەڕای ئەوەی پرسی چارەسەری لە توركیا ئەنجامی نەبوو و سەركەوتوو نەبوو، بەڵام شتێك هەیە گرنگە، ئەویش بوونی كوردە و دەبێت ئەوە قبوڵ بكەین كە ئیدی لە توركیا كورد هەیە و ئەمەش راستییەكە.“
جەهەپە، بەئاشكرا و لە رێگەی میدیاكانییەوە باس لەوە دەكات، دەم پارتی بۆیە لە ئیستانبۆڵ بەربژێری هەیە، تا لەو رێگەیەوە گورز لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بدات، بەمەش رێككەوتنی نهێنی لەگەڵ ئاكەپەدا هەیە، ئەگەر ئیستانبۆڵ ببەنەوە، ئەوانیش پرسی چارەسەری دەهێننەوە بەرباس.
بەڵام راستییەكی گرنگە هەیە، هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری ئەوەندە ئاسان نییە، ئەگەر شتێكی واش بوونی هەبێت، كاتێكی زۆری دەوێت تا ببێت بە كردار، چونكە مەهەپە، كە پارتێكی نەژادپەرستە و دژی پرسی چارەسەرییە، لەناو پەرلەمانی توركیا، هاوپەیمانێكی سەرەكی ئاكەپەیە، بەبێ رەزامەندی مەهەپەش، هێنانەبەرباسی پرسی چارەسەری ئەستەمە.