یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

ئیسرائیل کۆمەڵگەیەکی سەربازیی حزبوڵڵای لوبنانی بۆردومان کرد

سوپای ئیسرائیل کۆمەڵگەیەکی سەربازیی سەر بە گرووپی حزبوڵڵای لوبنانی لە ناوچەی خیام بۆردومان کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-3-2024، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بە فڕۆکە کۆمەڵگەیەکی سەربازیی سەر بە گرووپی حزبوڵڵای لوبنانی لە ناوچەی خیام بۆردومان کردووە، ئەمەش وەکو وەڵامێک بووە بەرامبەر ئەوتەقانەی بە ئاراستەی شاری عەکا کراوە.

لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە، شەوی ڕابردووش  لە لوبنانەوە بەئاراستەی ناوچەکانی ئەلغەجەر و هاردۆڤ تەقە کراوە، هەروەها سوپای ئیسرائیل وەڵامی سەرچاوەکانی تەقەکەی داوەتەوە. بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

بەگوێرەی ئاژانسی جیهانی عەرەبی، شەوی ڕابردوو فڕۆکەکانی ئیسرائیل بنکەیەکی چاودێریی حزبوڵڵای لوبنانیان لە ناوچەی کفرکەلا بۆردومان کرد، هەروەها تۆپخانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشە ناوچەی “ئەلمەیسات”یان تۆپباران کردووە.

ڕۆژانە لە سنوورەکانی نێوان سوپای ئیسرائیل حزبوڵڵای لوبنانی و گروپە چەکدارەکانی فەڵەستینی لە لوبنان پێکدادان دروست دەبێت.

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان حزبوڵڵای لوبنانی و سوپای ئیسرائیل دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستە دەیان چەکداری گروپی حزبوڵڵای لوبنانی کوژراون.