ئەردۆغان پشت لە ئەنكەرا و روو لە ئیستانبۆڵ

كارزان گلی – هه‌ولێر

تاوەكوو ئێستا بارودۆخی ئاكەپە لە ئیستانبۆڵ باش نییە، بەگوێرەی ئەنجامی دەزگاكانی راپرسی بێت، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بە 2 پۆینت لە پێش بەربژێری ئاكەپە موراد كوڕوومەیە، بۆیە رەجەب تەییب ئەردۆغان، روو لە ئیستانبۆڵ دەكات و بۆ خۆی دێتە مەیدانی پروپاگه ندە و رووبەڕووی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو بەربژێری جەهەپە دەبێتەوە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2023، ئاكەپە لە تەواوی توركیادا 7% دەنگەكانی كەمی كرد، ئەمەش وەكوو شۆكێك بوو بۆ ئاكەپە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەی شارەوانیدا، ئاكەپە دەیەوێت دەنگەكانی لە تەواوی توركیادا بگەیەنێتە 41%، واتە شكستی هەڵبژاردنی پێشوو قەرەبوو بكاتەوە، بەتایبەت مەبەستیەتی سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، ئاكەپە لە كۆی 30 گەورە شارەوانیی توانی 15 گەورە شارەوانیی بباتەوە، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش كێشەی لە بردنەوەی 13 گەورە شارەوانیی نییە، بەڵام روحای باكووری كوردستان و بورسە، بووەتە ئەستەم لەبەردەم ئاكەپەدا.
لە روحای باكووری كوردستان، پارتی تازەی رەفاح، بەربژێری هەیە، بەربژێرەكەی بەهێزە و دەنگێكی زۆری موحافیزكارەكان بەدەست دەهێنێت، ئەمەش دەبێتە مایەی دڵخۆشی بۆ دەم پارتی، چونكە لەدوای ئاكەپە، دەم پارتی بەهێزترینە و ئەگەر پارتی تازەی رەفاح، دەنگێكی زۆر بهێنێت، دەنگەكان لە ئاكەپە دەڕوات، بەمەش دەم پارتی شارەوانیی روحا دەباتەوە.
بۆ بورساش هەمان سیناریۆیە، بەهۆی ئەوەی پارتی تازەی رەفاح بەربژێری هەیە، بۆیە ئەگەر زۆرە جەهەپە ئەو شارەوانییە لەدەستی ئاكەپە دەربهێنێت، بۆیە ئەردۆغان، لە وتارێكدا لە ئیلازیخ، بەتووندی دژی پارتی تازەی رەفاح قسەی كرد و گووتی، ئەوانەی دەیانەوێت ئێمە بە دۆڕان بدەن زەرەر دەكەن.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ماڵپەڕی (T24)ی توركی، لەناو ئاكەپەدا، نیگەرانییەكی زۆر هەیە لەبارەی موراد كوڕووم، پێیان وایە ئەو كەسایەتییە ناتوانێت لە ئیمامئۆغڵو بباتەوە، دەبوایە كەسێكی بەهێزتر لە شوێنی ئەو ببێتە بەربژێر بۆ سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ. بەڵام ئەردۆغان، بڕوای تەواوی بە كوڕووم هەیە و گوتوویەتی، دڵنیا بن كوڕووم كەسایەتییەكی بەهێزە وخۆشەویستە، بۆیە بەربژێربوونی ئەو كارێكی هەڵە نەبووە و بڕیارە راستەكە بووە.
بەگوێرەی ئەنجامی چەند دەزگایەكی راپرسی بێت، تاوەكوو ئێستاش ئیمامئۆغڵو بە یەك بۆ دوو پۆینت لەپێش كوڕوومەوەیە، بەڵام ئەردۆغان گوتوویەتی لە هەفتەی كۆتایی پروپاگه ندەدا هاوكێشەكان دەگۆڕێن و بۆ خۆم دێمە ناو مەیدانی پروپاگه ندە و بڕیاریشە لە 24ی 3ی 2024دا لە ئیستانبۆڵ میتینگێكی گەورە ئەنجام بدات.
دەم پارتی، بەربژێری بۆ ئیستانبۆڵ هەیە، ئەمەش وای كرد دەنگەكانی ئیمامئۆغڵو كەم بێتەوە، چونكە پێشتر ئیمامئۆغڵو بە 7 پۆینت لە پێش كوڕوومەوە بووە، بەڵاڤ قم بەهۆی دەم پارتییەوە ئیمامئۆغڵو 5 پۆینت دەنگەكانی دابەزیوە.
لەبارەی ئەنكەراوە، ئەردۆغان هیوای بە شارەوانیی ئەو شارە نەماوە، چونكە مەنسوور یاڤاش، بەربژێری جەهەپە زۆر بەهێزە، بەگوێرەی ئەو راپرسییەی لەسەر مێزی ئەردۆغاندایە، تاوەكوو ئێستا جیاوازی نێوان یاڤاش و بەربژێری ئاكەپە 7%ە، ئەمەش بەو واتایە دێت كە شارەوانیی ئەنكەرا بۆ جەهەپە یەكلایی بووەتەوە.
رەنگە لەمەیاندا دەم پارتی رۆڵی هەبێت كە شارەوانیی ئەنكەرا بۆ جەهەپە بێت، چونكە بەربژێری هەیە و وەكوو 2019، دەنگ بە بەربژێری جەهەپە نادەن.
مەنسوور یاڤاش، لەناو كورداندا كەسێكی قبوڵكراو نییە، چونكە پێشتر مەهەپە بووە و كەسێكی نەژادپەرستە، بۆیە ئەگەر دەم پارتی بیگوتایە دەنگ بە یاڤاش بدەن، ئەوكات كوردەكان دەنگیان پێی نەدەدا و روویان لە بەربژێری ئاكەپە دەكرد، بەڵام بەم سیناریۆیە، دەنگی دەم پارتی بۆ ئاكەپە ناڕوات، بەمەش ریگە بۆ یاڤاش خۆش دەبێت تا شارەوانیی ئەنكەرا بباتەوە.