دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

فڕێدانی سەبەتەی خۆراک منداڵانی غەززە تێرناکات

دەستکەوتنی خۆراک لە غەززە، خەریکە دەبێتە مەحاڵ، ڕاکەڕاک بەدوای پاروویەک نان هێزی تێدا نەهێشتوون، کەچی ئەو بڕە کەمە خۆراکەش کە دوای چەندین ململانێ و نۆرەگرتنی چەندین کاتژمێری دەستیان دەکەوێت، تەندروست نییە و تووشی چەندین نەخۆشیی کردوون.

هێشتا مانگی رەمەزان نەهاتووە، بەڵام خەڵکی غەززە چەندین مانگە بەڕۆژوون، رۆژوویەکی ناچاری و دەرئەنجامی شەڕێکی ماڵوێرانکەر.

دوێنێ مردن بە موشەک و بۆمباران و ئەمڕۆ بە برسێتی.. ئەو تورەکە و سەبەتە خۆراکانەی فڕۆکەکان لە بەرزایی ئاسمان بەسەر خەڵکی غەززەدا فڕێیاندەدەنە خوارەوە بەشی تێربوون ناکەن و جار جار فڕێدانی هاوکارییەکان قوربانی لێدەکەوێتەوە.

دەستکەوتنی خۆراک لەم شارە، خەریکە دەبێتە مەحاڵ، ڕاکەڕاک بەدوای پاروویەک نان هێزی تێدا نەهێشتوون، کەچی ئەو بڕە کەمە خۆراکەش کە دوای چەندین ململانێ و نۆرەگرتنی چەندین کاتژمێری دەستیان دەکەوێت، تەندروست نییە و تووشی چەندین نەخۆشیی کردوون.

برسێتی هەموو ئازارەکانی دیکەی لەبیر بردوونەتەوە، بەوپەڕی بێ توانا و بێ دەسەڵاتییەوە لە مەرگی کۆرپەکانییان رادەمێنن.

بەڕاک ئەبهار، دانیشتووی غەززە دەڵێت، “کچەکەم لەکاتی جەنگدا لەدایک بووە. بارودۆخەکە هێندە سەختە زۆر بە ئەستەم کەمێک خواردنمان دەست ئەکەوێت. شیرم دەستناکەوێت و هەردوو منداڵەکەم هەمیشە داوای شیر و خواردنم لێ دەکەن، لە بارودۆخێکی زۆر سەختدا دەژین.”

رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئاماژە بەوە دەدات، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە غەززە بەدەست برسێتی و نەبوونی خۆراک و ئاوی خاوێنەوە دەناڵێنن.

نەسرین یوسف، دانیشتووی غەززە، ئاماژە بەوە دەدات، “بەزەحمەت دەتوانین ئاو و نانمان دەست بکەوێت، باشە ئەی لە رەمەزاندا چیبکەین؟! لە کەمپەکاندا منداڵی نەخۆشمان هەیە کە پێویستیان بە خۆراک هەیە، منداڵەکانمان خەریکە هەموو تیادەچن، سوێند دەخۆم، پێنج مانگە یەک هێلکە و تۆسقاڵی گۆشتمان نەبینیووە”.

دوایین ئامارەکانی تەندروستی غەززەش ئاماژە بە گیانلەدەستدانی 25 منداڵ دەکەن بەهۆی برسێتییەوە، نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری لە روودانی کارەساتی مرۆیی گەورەتر دەدات.