مەڕاڵ دانش: دوای هەڵبژاردن لەگەڵ حكوومەتی ئاكەپە دادەنیشین

كارزان گلی – هه‌ولێر

مەڕاڵ دانش بێشتاش، بەربژێری دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی شارەونییەكانی ئیستانبۆڵ، بۆ یەكەمجارە ئاشكرای دەكات، دوای هەڵبژاردنی شارەونییەكانی 31ی3ی2024، ئەگەر بوار بڕەخسێت لەگەڵ حكوومەتی ئاكەپە دادەنیشن و گفتوگۆ لەبارەی زۆر بابەتەوە دەكەن.

دانش، لە تازەترین دیمانەیەدا لەگەڵ ئاژانسی (T24)ی توركیی، رەخنە لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ و بەربژێری جەهەپە دەگرێت، دەڵێت لە سایەی ئێمە بوو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019 توانی ببێتە سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، كەچی دوای ئەوەی 50 شارەوانی هەدەپە لە باكووری كوردستان قەیوم كرا، یەك لێدوانی نەدا و دژی ئەو سیاسەتە هیچ قسەیەكی نەكرد.
ماوەی پێنج ساڵ دەبێت، هەدەپەی پێشوو و دەم پارتی ئێستا، لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆندا بەشێوەی رێككەوتن دەچێتە ناو هەڵبژاردنەوە، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئەمجارە، بڕیاریداوە لە شارە توركییەكان بەربژێری خۆی هەبێت، ئەمەش لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی توركیاوە رەخنەی زۆری لێدەگیرێت و دەڵێن دەم پارتی بەنهێنی رێككەوتنی لەگەڵ ئاكەپەدا كردووە، بۆ ئەمەیان دانش دەڵێت: ”لەڕاستیدا ئۆپۆزیسیۆن لە ئێمە تێدەگات، وای بۆ ناچم تێنەگەن، سیاسەتی ئێمە بۆ ئەوەیە كە دەبێت ئیدی ئیرادەی گەلی كورد باسن، بەڵام رەخنەكانیان پلانی تری لەپشتەوەیە، ئەویش (رێككەوتنی توركییاییە)، ئێستا با باسی ئەو رێككەوتنە نەكەم، چونكە دیمانەكەمان دەخنكێت. ئێمە پارتێكی توركیایین، بەڵام پارتێكی كوردیشین، كەواتە ئێمە نەخشەرێگەكەمان بۆ ئەوەیە بڵێن پارتی هەموو لایەكین و هەر بۆ ئەو مەبەستەش سیاسەت دەكەین.“
هەرچەندی بڵێت ئێمە پارتێكی توركیایین، بەڵام دانش دان بەوەدا دەنێت، كە قورسایی دەم پارتی و زۆرینەی دەنگدەری ئەو پارتە لەناو كوردایە نەك تورك.
لەبەشێكی تری قسەكانیدا، رەخنە لە پارتە سیاسییەكانی تری توركیا دەگرێت، پێیوایە ئەوان تا ئەوكاتە دەم پارتیییان قبوڵە، كە لە هەڵبژاردنەكاندا پشتگیریان بكەن، بەڵام كە پشتگیرییان نەكەن قبوڵی ئەو پارتەیان نییە، بۆیە ئەمە زۆر ئازاریان دەدات.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایە دەم پارتی پەشیمانە لەوەی لە 2019 پشتگیرییان لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كردووە لە ئیستانبۆڵ، هەروەها لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2023ش پشتگیریان لە كەمال كلیچدارئۆغڵو كردووە دەڵێت: ”ئێمە لەناو پارتەكەی خۆماندا زۆر گفتوگۆمان لەبارەی ئەو بابەتەوە كرد، با سەرەتا پێت بڵێم، لە ستراتیژییەتی ئێمەدا، هاوپەیمانیی سیاسی كۆتایی نەهاتووە، بەپێچەوانەوە ئێمە پارێزگاری لەوە دەكەین كە لەگەڵ هەموو پێكهاتە و بەشەكانی كۆمەڵگە پێویستە رێككەوتن بكرێت. ئێمە كە باس لە دانوستانی شار دەكەین، تەنیا مەبەستمان ئەوە نییە لەگەڵ پارتێكی سیاسی دانوستان بكەین، دانوستانی شار واتە، لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەو شارە و سەندیكای ئافرەتان و وەقفەكان و رێككخراوە مەدەنییەكانە، ئێمە پارێزگاری لەوە دەكەین. ئێمە لە 2019 و هەروەها لە 2023 بنەمای هێڵی كاركردنمان كۆتایی هێنان بوو بە فاشیزم و تاكڕەوی و رێگەخۆشكردنی دیموكراتی بوو لە تەواوی توركیادا.“
لەبارەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، دانش پێیوایە لە هیچ شوێنێكی دونیادا نەبووە كەسێك بەو شێوەیە گۆشەگیر بكەیت لە بەندیخانە، چونكە نە رێگە دەدەن نامەیەك بۆ خانەوادەكەی بنێرێت، یان تەلەفۆنێك بۆ خوشكی یان برای بكات، تەنانەت رێگە نادەن پارێزەرەكانیشی ببینێت، بۆیە خانەوادەی ئۆجەلان، گومانیان هەیە كە لەژیاندا مابێت.