یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

ئەردۆغان دەیەوێت كۆتایی بە قورسایی ئیمامئۆغڵو بهێنێت

كارزان گلی – هه‌ولێر

”هەرچیتان پێدەكرێت بیكەن، تەنیا ئیستانبۆڵ لەدەستی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو دەربهێنن“، ئەمە گوتەی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیایە. هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا مانگێكی ماوە، سەركردە سیاسییەكان پروپاگه ندەیان دەستپێكردووە، ئەردۆغان هاتووەتە مەیدان و داوا لە گەلی توركیا دەكات، ئەمجارەش لەسەر سندوقی دەنگدان پشت لە ئۆپۆزیسیۆن بكەن، چونكە مانەوەی ئاكەپە، واتە مانەوەی توركیا بەبەهێزی.

راستە موراد كوڕووم، بەربژێری ئاكەپە و مەهەپەیە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، بەڵام ئەوەی وەكوو قەڵایەك لە پشتی كوڕوومەوە وەستاوە ئەردۆغانە، دەكرێت بڵێین هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، لە نێوان ئەردۆغان و ئیمامئۆغڵووە.
بۆ هەردوو سەركردە، ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە، چونكە ئەگەر ئیمامئۆغڵو بتوانێت شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە، ئەمە دەبێتە سەركەوتنێكی گەورە بۆی و رێگەی بۆ خۆش دەبێت تا لە كۆنگرەیەكی ئاسایی ناو جەهەپە، ببێتە سەرۆكی پارت و هەروەها لە هەڵبژاردنی 2028یشدا دەبێتە بەربژێر بۆ پۆستی سەركۆماری توركیا. ئیمامئۆغڵو، هەموو خەنێكی ئەوەیە ببێتە سەركۆماری توركیا، بۆیە هەموو توانای خۆی خستووەتە گەڕ تا بتوانێت لەم هەڵبژاردنەدا ئیستانبۆڵ بباتەوە، ئەوكات دەیسەلمێنێت گەر ببێتە ركابەری ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی 2028 دەتوانێت بیباتەوە، چونكە لە هەڵبژاردنی 2019، توانی بەسەر بیناڵی یڵدرمدا سەركەوێت و شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە، گەر ئەمجارەش بیباتەوە، كەواتە دەتوانێت ببێتە ركابەرێكی سەرسەختی ئەردۆغان.
ئەردۆغان، دەزانێت ئەگەر لەم هەڵبژاردنە شكست بە ئیمامئۆغڵو بهێنێت، ئیدی ئەو كەسایەتییە نابێتە مەترسی بۆی لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی، چونكە شكۆی لەناو جەهەپە دەشكێت و ناتوانێت داوای پۆستی سەرۆكی جەهەپە بكات، هەروەها وەكوو سەركردەیەكی شكستخواردوو لە هەڵبژاردن سەیر دەكرێت و دووریش نییە، وەكوو كەمال كلیچدارئۆغڵو، فەرامۆش بكرێت، یان وەكوو موحەڕەم ئینجە ناچار بكرێت پارتێكی تر دامەزرێنێت.

رۆڵی كورد لەم هەڵبژاردنەدا
رۆڵی كورد زۆر گرنگە، بەتایبەت لە ئیستانبۆڵ، لە هەموو هەڵبژاردنێكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، دەنگدەری كورد قەدەری بەربژێرەكانی یەكلایی كردووەتەوە.
راستە ئامەد وەكوو قەڵای دەم پارتی سەیر دەكرێت، بەڵام لەڕووی دەنگ و بوونی رێژەی كوردەوە، ئیستانبۆڵ زۆرترین رێژەی دەنگدەر و رێژەی كوردی لێیە، بۆیە ئەو شارە بۆ كورد گرنگە و هەروەها كارتێكی گەورەشە لەدەستی دەم پارتی.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، هەدەپەی پێشوو و دەم پارتی ئێستا، ستراتیژییەتیان ئەوەبوو، شكست بەبەربژێری ئاكەپە بهێنن، كە بیناڵی یڵدرم بوو، بۆیە بەربژێریان بۆ ئیستانبۆڵ نەبوو و پشتگیرییان لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كرد. پشتگیری كورد وای كرد ئیمامئۆغڵو شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە، چونكە دەنگی هەدەپە ئەوكات لە ئیستانبۆڵ 10%بوو.
بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە، ستراتیژییەتی دەم پارتی پێچەوانەی 2019یە، بەربژێریان بۆ ئیستانبۆڵ هەیە كە مەڕاڵ دانش بێشتاشە، ئەمەش دەیسەلمێنێت، كە رێككەوتنێك لە نێوان دەم پارتی و ئاكەپەدا هەیە، چونكە دەم پارتی بەربژێری هەبێت، ئیمامئۆغڵو سەركەوتنی ئەستەم دەبێت و بەربژێربوونی دەم پارتی لە ئیستانبۆڵ، لە بەرژەوەندی موراد كوڕووم بەربژێری ئاكەپەیە.
ئەردۆغان، دەڵێت هەرچی دەكەن بیكەن تەنیا ئیستانبۆڵ لەدەستی ئیمامئۆغڵو دەربهێنن، كەواتە رێگەی تری نییە دەبێت دەست بخاتە ناو دەستی دەم پارتی، چونكە قەدەری بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە، لە دەستی دەم پارتییە.
وەكوو ئەوەی شڕۆڤەكارانیش باسی دەكەن، رێككەوتنی ئاكەپە و دەم پارتی، بەشێوەیەكی نهێنییە، بەوەی ئەگەر دەم پارتی لە باكووری كوردستان، چەند شارەوانیی بباتەوە، ئەوان قەیوومی ناكەن، هەروەها دەنگۆش هەیە پرسی چارەسەری بهێننەوە بەرباس، لەبەرامبەردا، دەم پارتی بەربژێری هەبێت بۆ ئیستانبۆڵ.
شەقامی باكووری كوردستان، لەگەڵ ئەوەدان ئەمجارەیان روو لە ئاكەپە بكرێت و رێككەوتنی لەگەڵدا بكەن، چونكە زیاتر لە 10 ساڵە هەدەپە پشتگیری لە ئۆپۆزسیۆن كردووە، كەچی ئۆپۆزسیۆنی توركیا لە پشتەوە خەنجەری لە كورد داوە، بۆیە تاكە رێگە بۆ پارێزگاریكردن لە شارەوانییەكانی باكووری كوردستان، دەست خستە ناو دەستی ئاكەپەیە، بە شێوەیەكی تر، ئیستانبۆڵ بۆ ئاكەپە و باكووریش بۆ دەم پارتی.