ستراتیژییەتی دەم پارتی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەم پارتی، بە ستراتیژییەتێكی تازەوە دێتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، لەلایەك دەیەوێت لە باكووری كوردستان، سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بهێنێت، لەلایەكی ترەوە، دەیەوێت لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا، شكست بە جەهەپە بهێنێت.

دەم پارتی، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، ستراتیژییەتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە (ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، ئەدەنا و مێرسین)، شكستپێهێنانی ئاكەپە بوو، بۆیە بەربژێری نەبوو و پشتگیری لە بەربژێری جەهەپە كرد، ئێستا یارییەكە پێچەوانە بووەتەوە، ئەمجارەیان لەو شارانە دەیەوێت، شكست بە جەهەپە بهێنێت.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، لە دەمەتەقێیەكدا لەگەڵ چەند رۆژنامەنووسێك، گلەیی لە دەم پارتی دەكات، بەوەی ستراتیژییەتی ئەوەیە، لە ئیستانبۆڵ شكست بە جەهەپە بهێنێت، لە بەرامبەردا ئاكەپە، هیچ شارەوانییەكی دەم پارتی قەیووم ناكات. قەیووم بەو واتایەی، سەرۆكی شارەوانیی سەركەوتوو لە پۆستەكەی لادەدرێت و فەرمانبەرێكی دەوڵەت لەشوێنی دادەنێن.
گوتەكەی ئۆزەل، ئەگەر راست بێت، ئەوە داواكاری دەنگدەری كوردە، كە بەپێویستی دەزانن رێككەوتنێك لەگەڵ ئاكەپەدا بكەن، تا لەورێگەیەوە شارەوانییە سەركەوتووەكانی خۆیان بپارێزن، چونكە ماوەی 10 ساڵ دەبێت، دەم پارتی و هەدەپەی پێشوو، بەبێ هیچ بەرامبەرێك پشتگیری لە ئۆپۆزیسیۆنی توركیا دەكەن و هیچیان دەستنەكەوت، تەنانەت لە پشتەوە خەنجەریان لە كوردا، ئەویش بەرێككەوتنێكی نهێنی نێوان ئومید ئۆزداغ و كەمال كلیچدارئۆغڵو بوو.
كورد لە باكووری كوردستان، بە شەش ملیۆن دەنگدەر و بەبێ هیچ رێككەوتنێك، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 14ی ئایار پشتگیریان لە كلیچدارئۆغڵو كرد، كەچی كلیچدارئۆغڵو، بەنهێنی رێككەوتنێكی پێنج خاڵی لەگەڵ ئۆزداغدا ئیمزا كردبوو، بەوەی ئەگەر ببێتە سەركۆماری توركیا، ئەو دەكات بە وەزیری ناوەخۆی توركیا.
ئەمە كوردی باكوور و دەم پارتی زۆر توڕە كرد، چونكە ئۆزداغ، بەهەموو شێوەیەك كوردی رەتكردووەتەوە و بەئاشكرا و بێشەرمانە سووكایەتیی بە سەركردەكانی كورد دەكات. رەنگە هەر ئەوەش بێت كە كورد و دەم پارتی، متمانەیان بە جەهەپە نەمابێت و پشتیان تێ كردووە.
جەهەپە، لەوەتەی بووەتە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا لە 2003ەوە، هیچ ستراتیژییەتێكی بەرامبەر بە پرسی كورد نەبووە، هیچ پڕۆژەیەكی گەورەی نەبووە بۆ رای گشتی كوردانی باكوور تا متمانە بەو پارتە بكەن، بەڵام هەدەپە، بردەوام لەپشتی جەهەپە وەستاوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، كورد بووە هۆی ئەوەی، جەهەپە، شارەوانیی (ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، مێرسین، ئەنتاڵیا و ئەدەنا) بباتەوە، ئەمەش پارتی دەسەڵاتی توڕە كرد، بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە 60 شارەوانیی سەر بە هەدەپە لە باكووری كوردستان قەیووم بكەن.
ستراتیژییەتی دەم پارتی بۆ ئەم هەڵبژاردنە، پارێزگاریكردنە لە شارەوانییە سەركەوتووەكانیان، چونكە پێشبینی دەكرێت 100 شارەوانیی لە تەواوی باكووری كوردستان ببەنەوە، وەكوو گەورە شارەوانیی و شارۆچكە و شارەدێ. بۆ ئەمەشیان پێویستیان بەوەیە، پارتی دەسەڵات نەرم بێت لەگەڵیاندا، نەرمبوونی پارتی دەسەڵاتیش بەرامبەر بە ئیستانبۆڵە.
ئاشكرایە، دەم پارتی بە بەربژێركردنی مەڕاڵ دانش بێشتاش، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، بە رای گشتی توركیای گوت، رێككەوتنێكی نهێنیان لەگەڵ ئاكەپەدا هەیە، ئەو رێككەوتنەش داواكاری دەنگدەرەكانیان بووە، چونكە دەم پارتی، كلیلی سەركەوتنی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵە.
لە 2019، هەدەپە پشتگیری لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كرد، ئەو پشتگیرییەی هەدەپەش بوو وای كرد ئیمامئۆغڵو سەركەوتوو بێت، بەڵام هەڵەی هەدەپە ئەوكات پارتی دووچاری زیانێكی گەورە كردەوە، چونكە بەبێ هیچ رێككەوتن و داواكارییەك پشتگیرییان لە ئیمامئۆغڵو كرد، تەنیا گوتیان شكست بە ئاكەپە بهێنێن بەسە، بەڵام ئەمجارەیان، وەكوو ئەوەی باس دەكرێت بەنهێنی رێككەوتنیان لەگەڵ ئاكەپەدا هەیە و ئیستانبۆڵ بەرامبەر بە قەیوم نەكردنی شارەوانییەكانی دەم پارتی دەبێت لە باكووری كوردستان.
ئەم ستراتیژییەتەی دەم پارتی، تاوەكوو ئێستا قبوڵكراوە لەلایەن شرۆڤەكارانی سیاسی كورد و دەنگدەری كورد لە باكووری كوردستان.
بڕیارە لە 31ی3ی2019، هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا ئەنجام بدرێت، كە 31 گەورە شارەوانیی و 51 شارەوانیی و 1000 شارەوانیی شارۆچكە و شارەدێ هەڵدەبژێردێت.

ھەواڵی زیاتر