ئیزمیر قەڵای جەهەپە خۆی رادەستی ئاكەپە دەكات؟

ئیزمیر، هەمیشە بەشارێكی جەهەپەیی ناسراوە و لە هەموو هەڵبژاردنێكی پەرلەمانی و شارەوانییەكاندا جەهەپە یەكەم بووە، بەڵام لە ماوەی 21 ساڵی دەسەڵاتی ئاكەپەدا لە توركیا، ئەو پارتە كۆڵی نەداوە كە بتوانێت بچێتە سەر قەڵای جەهەپە و ئاڵای خۆی لەسەر هەڵبكات. بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31ی3ی2024، ئاكەپە دەیەوێت قەڵای جەهەپە بگرێت و بۆ یەكەمجار لە مێژووی خۆیدا شارەوانیی شارەكە بباتەوە.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019دا، بەربژێری جەهەپە، موستەفا تونج سۆیار، توانی 58.1%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت و بەربژێری ئاكەپەش 38.7%ی دەنگەكانی بەدەست هێنا. ئەم ئەنجامە راستە لە بەرژەوەندی جەهەپە بوو، بەڵام دەنگی ئاكەپەش لەو شارە سیكۆلارە كەم نەبوو و سەركەوتنێك بوو بۆ ئاكەپە.

دەنگی ئاكەپە بەدرێژایی 20 ساڵی رابردوو لە ئیزمیر
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2004دا، ئاكەپە لە ئیزمیر ركابەری لەگەڵ جەهەپەدا كرد، راستە روون بوو كە ناتوانێت شارەوانیی ئەو شارە بباتەوە، بەڵام كۆلی نەدا و بەئومێدی بردنەوەی شارەوانیی ئیزمیر كێبڕكێیەكی زۆری كرد.
ئەنجامی هەڵبژاردن لە بەرژەییوەندی ئەحمەد پرشتینا بوو، بەربژێری جەهەپە، كە توانی 47.17%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەربژێری ئاكەپەش كە تەنها ئاكسۆی بوو توانی 32.56%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت.
ئەم ئەنجامە بە ئاكەپەی گوت، پێویستە هەوڵی زیار بدەن، تا بتوانن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو قەڵای جەهەپە ببەنەوە، بۆیە بەردەوام ئاكەپە لە ئیزمیر كاری كردووە و هەوڵی داوە پێگەی جەماوەری زیاد بكات.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2009دا، ئاكەپە نەیتوانی دەنگەكانی زیاد بكات، بەڵكوو چەند دەنگێكی كەمی كرد و 30.3%ی دەنگەكانی بەدەست هێنا، كە ئەوكات ەر تەها ئاكسۆی كردبووە بەربژێر، بەڵام جەهەپە، پارێزگاری لە قەڵایەكەی كرد و دەنگەكانی بوو بە 56.1%.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2014، ئاكەپە ویستی لەرێگەی بیناڵی یڵدرمەوە بچێتە ناو كێبڕكێی هەڵبژاردن و بە قورساییەكی زۆرەوە چووە ئیزمیر، ئومێدی هەبوو بتوانێت شارەوانیی ئیزمیر بباتەوە، بەڵام بیناڵی یڵدرم دووچاری شكست بوو. راستە دەنگی ئاكەپەی لە ئیزمیر بەرز كردەوە، بەڵام نەیتوانی شارەوانیی بباتەوە.
یڵدرم توانی 35.9%ی دەنگەكان ببات، كە هیچ كاتێك ئاكەپە لەو شارە دەنگەكانی نەگەیشتبووە ئەو ئاستە بەرزە.

ئەمجارەیان ئاكەپە شەڕە گەورەكە لەگەڵ جەهەپە دەكات
راستە ئاكەپە هەموو فۆكەسێكی لەسەر ئیستانبۆڵە، بەڵام هەر چاوی لە دقەڵایەكەی جەهەپەیە، چونكە هەرچەندە ئیستانبۆڵ بۆ ئاكەپە قەڵا بێت، پێیانوایە ئەو قەڵایە پێشتر لەلای خۆیان بووە و كەوتووەتە دەستی جەهەپە، بەڵام ئیزمیر هیچ كاتێك لە دەستی ئاكەپە نەبووە، بۆیە لەم هەڵبژاردنە دەیانەوێت ئیزمیر بەدەست بهێنن.
بەگوێرەی چەند راپرسییەكی توركیا، ئاكەپە بۆ یەكەمجارە لە مێژوودا بتوانێت بەپێش بەربژێری جەهەپە بكەوێت لە ئیزمیر، ئەمەش چەند هۆكارێكی لە پشتە، دیارترینیان ئەوەیە، كە جەهەپە لەناو خۆیاندا ناكۆكن و بەربژێرنەكردنەوەی تونج سۆیار، بووەتە هۆی نیگەرانیی دەنگدەری جەهەپە و پێیانوایە چونكە سۆیار، لەلایەن كەمال كلیچدارئۆغڵووەوە بەربژێر بووە، بۆیە لایانداوە، ئەمەش وا دەكات دەنگی جەهەپە كەم بكات.
یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان ئەوەیە، دەم پارتی بەربژێری خۆی هەیە لە ئیزمیر، ئاشكرایە دەنگی كورد لە ئیزمیر ئەوەندە كەم نییە كە بەهەند وەرنەگیرێت. دەم پارتی ئاكن بیرداڵ و توركان ئاسڵانی بەربژێر كردووە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیزمیر، ئەمەش لە دەنگی جەهەپە كەم دەكاتەوە، چونكە پێشتر لە ئیزمیر، دەم پارتی پشتگیری لە بەربژێری جەهەپە كردووە.
قورسایی دەم پارتی لە ئیزمیر كەم نییە، پێویستە بەهەند وەربگیرێت، چونكە سێیەم گەورەترین پارتە لەو شارەدا.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2023دا، دەم پارتی توانی دوو كورسی لە كۆی 28 كورسی ئیزمیر بباتەوە، توانی 323 هەزار 720 دەنگ كۆ بكاتەوە.
ئەگەر لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا پارێزگاری لەو دەنگەی بكات، كەواتە شانسی بردنەوەی بەربژێری ئاكەپە، ئەگەر مسۆگەریش نەبێت نزیك دەبێتەوە لە سەركەوتن.
ئاكەپە، لە رۆژئاوای توركیا، دەیەوێت لە رێگەی دەم پارتییەوە سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، بەتایبەت (ئیستانبۆڵ، ئەدەنا، مێرسین، ئەنتاڵیا، ئیزمیر، ئەنكەرا).