سوپای سوودان رێگری دەکات لەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە دارفۆڕ

ئەمەریکا و رێکخراوە مرۆییەکان ئیدانەی سەرکردەکانی سوپای سوودانیان کرد، کە رێگری دەکەن لەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بگاتە ناوچەی دارفۆڕی رۆژئاوای سوودان.

ناوچەی دارفۆڕ کە نزیکە لە سنووری وڵاتی چاد، یەکێکە لەو ناوچانەی زۆرترین زیانی بەهۆی جەنگی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەرکەوتووە.

بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، زیاتر لە 694 هەزار کەس بۆ وڵاتی چاد هەڵاتوون، بەڵام تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە سوودانییەکان لە دارفۆڕ گەماڕۆ دراون و پێویستیان بە هاوکارییە.

بەڕێوەبەری بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوودان، ئیدی رۆکس هەفتەی رابردوو بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە “دەسەڵاتداران ئۆپەراسیۆنەکانیان سنووردار کردووە”.

لای خۆیەوە، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی هەینی رابردوو رایگەیاند، ئەمەریکا زۆر نیگەرانە لە “بڕیارەکەی ئەم دواییەی سوپای سوودان بۆ قەدەغەکردنی هاوکارییە مرۆییەکان، هەروەها راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە چەکدارەکانی سوودان رێگری دەکەن لە گەیشتنی هاوکارییەکان بەو خەڵکانەی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دان.

لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی سوودان، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە بە درۆی واشنتنی وەسف کرد،  ئاماژەی بەوەشکردووە، سنووری سوودان و چاد، خاڵێکی سەرەکیی دەروازەی چەک و کەرەستەیە کە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژی سوودانییەکان بەکاردێت.

راپۆرتێکی پسپۆڕانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی یەکدا بەڵگەی باوەڕپێکراوی هێنایەوە کە ئیمارات لە ڕێگەی چادەوە پشتیوانی سەربازی دەگوازێتەوە بۆ هێزەکانی پشتیوانی خێرا،  بەڵام ئیمارات ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.

هەروەها میلەر نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە “تاڵانکردنی ماڵ و بازاڕ و کۆگاکانی یارمەتی مرۆیی” لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا.

لە 15 نیسانی ساڵی 2023ەوە، شەڕ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا رویدا، تاوەکو ئێستا بە دەیان هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 10 ملیۆن کەسیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.