نزیکەی 10 ملیۆن بێکار لە تورکیا تۆمارکراون

رێژەی بێکاری لە تورکیا و باکووری کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز؛ هۆکاری سەرەکیش بۆ زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان دەگەڕێندرێتەوە. ئێستا نزیکەی 10 ملیۆن کەس وەک بێکار لە لەو وڵاتە تۆمارکراون.

رێژەی بێکاری لە تورکیا و باکووری کوردستان بەراورد بە مانگی ڕابردوو سەدا 2.1 زیادیکردووە و گەیشتووەتە سەدا 24.7. تەنها لە ماوەی مانگی رابردودا یەک ملیۆن کەس بێکاربوون و بە گشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان 9 ملیۆن و 700 هەزار کەس بێکارن. زۆربوونی رێژەی بێکاری ژیانی هاووڵاتییانی قورستر کردووە. بەهۆی زۆری باج بەشێکیان ناچارن بە بێ بیمە کار بکەن.

فاتووش یەرەڵ، هاووڵاتییەکی تورکیایە و دەڵێت: “من کەسێکی خانەنشینم. هەوڵ دەدەم بە پارەی خانەنشینی منداڵەکانم بژێنم. منداڵەکەم ناتوانێت بە ئاسانی بچێتە نەخۆشخانە، چونکە لە شۆێنی کارەکەی بیمەی نییە من پارەی دەرمانەکانی دەدەم. پێموایە زۆربوونی کرێکاری بیانی یەکێکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی بێکاری، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین هۆکاری دیکە هەن”.

هاووڵاتیی یەحیا گۆڤەنلیکیش ئاماژە بەوە دەدات،  “هەمووشتێکمان لە دەستداوە هیچمان بۆ نەماوە. کاتێک هیچت بە دەستەوە نەمێنێت بە دڵنیایی بێکاریش زۆر دەبێت، خراپتریش دەبێت. تادێت ژمارەی دانیشتووان زیاتر دەبێت و رێژەی بێکاریش هەڵدەکشێت”.

دامەزراوەی ئاماری “تویک” کە سەر بە حکومەتە؛ رێژەی بێکاری لە مانگی کانوونی دووەمدا بە سەدا 8.8 دیاریکردووە و ژمارەی بێکارانیشی بە 3 ملێون و 98 هەزار نیشانداوە؛ بەڵام کۆنفێدراسیونی کرێکاران دەڵیت، ئامارەکانی حکومەت تەنها بۆ ئەو کەسانەیە کە کاریان لە دەستداوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کەسانەی کە بە دوای کاردا دەگەرێن، بە گشتی 10 ملیون کەس لە تورکیا بێکارن. 

ئابووریناس مووسا جەیلان ئەوە دەخاتەڕوو، “کێشەی رژد هەیە، بەتایبەتی لە دامەزراندن. کێشەکە تەنها ئەوە نییە کە کۆمپانیاکان ناچارکراون 17 هەزار لیرە بۆ مووچە زیاد بکەن بەڵکوو زیادکردنی باجیش هەیە. بیمەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەیە کە بۆ خاونکار دەکاتە  25 هەزار لیرە. کاسبکارێکی سادە ئەگەر 2 کرێکار دامەزرێنێت، ڕووبەڕووی تێچووی کار دەبێتەوە کە مانگانە 50 هەزار لیرەیە. لە هەلومەرجی ئێستادا ناتوانێت 5 هەزار بدات بە کرێکار، پێویستە حکومەت باج لە سەر کۆمپانیا و کاسبکارەکان کەم بکاتەوە ئەگەر ئەمە نەکات رێژەی بێکاری زیاتر دەبێت”.

بەشێکی زۆری کرێکارەکان بۆ ئەوەی کاریگەری هەڵاوسانیان لەسەر کەمببێتەوە کاتی کارکردنیان زیادکردووە. ژمارەی ئەم کەسانە لە ساڵی رابردوودا لە 1 ملیۆن و 600 هەزار کەسەوە بۆ دوو ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە. بەمەش کرێکار لە پێناو ئەوەی بژیت کاری دوو کەس دەکات کە یەکێکە لەو هۆکارانەی رێژەی بێکاری زیادکردووە.