سەرەڕای هەوڵی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرک و بوونی هێزە بیانییەکان، بە تایبەتیش هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بەڵام لە بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی ئەمەریکا جەخت لە بەردەوامی هێرشی سەر گرووپ و میلیشیاکانی نزیک لە ئێران کراوەتەوە، وەک تۆڵە سەندنەوەی کوژران و بریندارکردنی سەرباز ئەمەریکییەکانی ئوردن.
جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، رۆژی دووشەممە راگەیاند، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە وەڵامدانەوەی ئەوە هێرشانەی کە رۆژی ٢٨ی کانوونی دووەم کرانە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ئوردن.
وتەکانی سەرۆک بایدن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هاتن لەگەڵ شا عەبدوڵای دووەمی ئوردن لە واشنتن، گرنگی خۆی هەیە بەو پێیەی ئاماژەیەکە بۆ بەردەوامیدان بە پابەندنییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، بە تایبەتی لە سووریا و عێراق.
وتەبێژی پێنتاگۆن لە هەمان رۆژدا دووپاتی قسەکانی سەرۆک بایدنی کردەوە.
سکای نیوزی عەرەبی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، گفتووگۆی لیژنە سەربازییەکانی ئەمەریکا و عێراق باس لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ناکەن لە وڵاتەکە، بەڵکو تەنیا پەیوەستن بە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هاوپەیمانێتی دژ بە داعش و حکومەتی عێراق.
هەڵوێست و لێدوانەکانی ئەمەریکا جیاوازن لە وتەکانی بەرپرسانی عێراقی لە بارەی گفتووگۆکانەوە. بەڵام زۆرێک لە میدیاکاران زیاتر پشتی بە هەڵوێست و لێدوانەکانی بەغدا دەبەستن وەک لە ئەمەریکییەکان.
مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا لە بەرژەوەندی کوردەکانە.
بەڵام بەرپرسانی عێراق لە ژێر فشارێکی زۆردان لە لایەن عێراق و میلیشیاکانی سەر بە ئێران. وەک پەیمانگای توێژینەوە جەنگی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی پێداوە، ئێران و میلیشیاکانی “بەرەی بەرگری” دەیانەوێت جەنگی حەماس و ئیسرائیل وەک بیانوێک بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانیان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکایە لە ناوچەکە بەکاربهێنن.
لێدوانەکەی بایدن
ئوردن هاوپەیمانێکی دێرینی ئەمەریکایە و مێژوویەکی دێرینی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش هەیە، هەروەک کونسوڵی گشتی وڵاتەکە لەم رۆژانەدا بە هەرێمی کوردستانی راگەیاند.
شا عەبدوڵای دووەم سەردانی ئەمەریکای کرد، لە دوای دەستپێکی جەنگی غەززە، ئەمە یەکەمین سەردانی سەرکردەیەکی عەرەبە بۆ واشنتن.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی هەردوو سەرکردەکەدا، بەشێکی زۆر لە بابەتەکان پەیوەست بوون بە جەنگی غەززە و راگرتنی شەڕ و راگەیاندنی ئاگربەست.
دواتر بایدن باسی لە پەیوەندییە گەرم و گوڕەکانی نێوان ئوردن و ئەمەریکا کردو باسی لە کوژرانی سەربازانی وڵاتەکەی کرد لە ئوردن. هەروەها بایدن باسی لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانیش کرد.
لە دوای کوژرانی سەربازانی ئەمەریکا، هێزەکانی وڵاتەکە دووجار هێرشیان کردۆتە سەر میلیشیاکانی سەر ئێران لە عێراق و سووریا کە بووەتە هۆی کوژرانی چەندین چەکدار و بەپرسی هێزەکان.
لەو کاتەوە تا ئێستا، هیچ هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە رووینەداوە و ئەمەریکاش وەڵامی زیاتری نەبووە بۆ هێرشەکان.