پچڕانی پەیوەندییەکان هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان سوودانی دەکات

بەهۆی بەردەوامی پچڕانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و خزمەتگوزاری ئینتەرنێت، سوودانییەکان بەتەواوی لە یەکتر و لە جیهاندا دابڕاون، خەریکە پەیوەندییان لەگەڵ خێزان و کەسوکاریان لە ناوخۆی وڵاتدا نامێنێت.

ئەم دۆخە ترس و دڵەڕاوکێی لەسەر چارەنووسی ملیۆنان سوودانی لە نزیکەی 18 ویلایەتی ئەو وڵاتە بڵاوکردۆتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختە مرۆییەی کە رووبەڕوویان دەبێتەوە، بەتایبەتی ئەو سەدان هەزار کەسەی لە ناوچە جێناکۆکەکانی پایتەختدا گیریان خواردووە.

خزمەتگوزاری مانگی دەستکرد

سوودانییەکانی دەرەوەی وڵات هەموو رێگاکان دەگەڕێن بۆ دەستگەیشتن بە زانیاری لە رێگەی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە، ئەحمەد عومەر، کە لە ئیمارات دەژی، دەڵێت، چەند ڕۆژێکە هەوڵی پەیوەندیکردن بە خێزان و کەسوکارەکەی دەدات لە یەکێک لە شارۆچکەکانی سەر بە ویلایەتی جەزیرە، بەڵام خزمەتگوزارییەکان بەردەست نیین هەواڵیان نازانێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە لە فشار و گرژیدا دەژین، ئێمە هیچ لەبارەی خێزانەکانمانەوە نازانین، هەموو رۆژەکەمان بە گەڕان بەناو سایتەکانی سۆشیال میدیادا بەسەر دەبەین، بۆ ئەوەی بەدوای ئەو هەواڵانەدا بگەڕێین کە دڵنیا ببینەوە، بەڵام بێ سوودە.

خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە ڕێگەی ئامێرەکانی بەستراو بە مانگە دەستکردەکانەوە لە هەندێک لە شارە گەورەکانی دارفور لە رۆژئاوای وڵات بەردەستە، هەروەها تا رادەیەکی سنووردار لە شاری کەنار دەریای پۆرتسوودان بەردەستە، کە هەندێک لایەن ئینتەرنێت بۆ هاووڵاتیان بە بڕە پارەیەک کە زیاترە لە 20 هەزار لیرەی سوودانی، کە دەکاتە 15 دۆلار بۆ هەر کاتژمێرێک دابین دەکات.

ئامێرەکانی ستار لینک

ئیبراهیم ئەلبەشیر لە شاری “فاشر” پایتەختی ویلایەتی دارفۆری باکوور بە رۆژنامەی “شەرقولئەوسەت”ـی راگەیاند، لە ڕێگەی ئامێرەکانی ستار لینکەوە ئینتەرنێتیان دەست دەکەوێت، هەروەها بۆ یەک کاتژمێر  دوو هەزار لیرە دەدەن، گوتیشی: “ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوەیەکی سنووردار بەردەستە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای سنوورداربوونی بەردەستبوونی ئینتەرنێت، پچڕانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و نیگەرانییە ئەمنییەکان سەبارەت بە دووبارە پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە هەر کاتێکدا وایکردووە شارەکە لە حاڵەتی کارەساتباری گەورەدا بێت.

پچڕانی گواستنەوەی دارایی

ژمارەیەک لە سوودانییەکانی دەرەوەی وڵات بە هەمان رۆژنامەیان راگەیاند، خێزانەکانیان تا رادەیەکی زۆر پشت بەوان دەبەستن بۆ ئەو حەواڵە داراییانەی کە لە رێگەی ئینتەرنێتەوە بە بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنی مۆبایل دەینێرن.

عەبدوڵڵا ریح، کە خەڵکی سوودانە و لە سعوودیە نیشتەجێیە، باس لەوە دەکات، کە خێزانێکی پێنج کەسی بەخێو دەکات و خەرجییەکانی مانگانەیان بۆ دەنێرێت. روونیشی کردەوە، “خێزانەکەی هێشتا لە ناو خەرتومی پایتەختدا دانە و هیچ رێگەیەک نییە بۆ گەیشتن بەوان”.

بە گوێرەی رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، بڕینی خزمەتگوزارییەکان زیاتر دۆخی مرۆیی لەو وڵاتەدا تێکددات، چوارشەممەی ڕابردوو 3 کۆمپانیای گەورەی پەیوەندی لە سوودان بەناوەکانی ” ئێم تی ئین سوودان، زەین و سوودانی” خزمەتگوزاریان نەما، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی ئینتەرنێت لەو وڵاتە.

ھەواڵی زیاتر