رەنگە لە شەوێكدا یەك دۆلار

مەترسی دابەزینی لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار، مانگ بە مانگ زیاتر دەبێت، شارەزایانی بواری ئابووریش لە توركیا پێیانوایە، لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار گڕ دەگرێت و دوور نییە سیناریۆی 1994 دووبارە ببێتەوە.

هەفتە دوای هەفتە، لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت، یەك دۆلاری ئەمریكی بووەتە 31 لیرەی توركی، چاوەڕوان دەكرێت زیاتریش بەرز ببێتەوە.
ئابووریناسان پێیانوایە، لیرەی توركی لەدەست دەرچووە و ئەستەمە بتوانرێت خۆی كۆ بكاتەوە، رەنگە تا هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، بتوانێت بەو پارە یەدەگەی لە بانكی ناوەندیدا هەیە خۆی بگرێت و نەسووتێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن لیرەی توركی بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێت.
سەلجووق گەچەر، ئابووریناسی توركیا، قسەی بۆ رۆژنامەی (ئایدنلیك)ی توركیا كردووە و پێیوایە، رەنگە لە شەوێكدا یەك دۆلاری ئەمریكی بگاتە 70 لیرەی توركی، ئەگەر ئەوەش روو بدات، كەواتە دەگەڕێینەوە بۆ سیناریۆی 1994، ئەوكاتیش لە شەوێكدا لیرەی توركی گڕی گرت.
سەلجووق دەڵێت: ”لە سەردەمێكی زۆر سەختداین، كەچی هەمان ئەو هەنگاوە دەنێین كە پێشتر ناویانە، ئەگەر ئەو فشارەی هەیە بەردەوام بێت، وەكوو 1994 مان لێ دێت، كە لە شەوێكدا 100 دۆلاری ئەمریكی تا 38 هەزار رۆیشت. تابلۆی ئێستای توركیا، زۆر لە تابلۆی 1994 خراپتر و كارەساتاویترە.“
، بەوەی لیرەی توركی دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكان دیسان بەرامبەر بە دۆلار پاشەكشە دەكات.
ئەگەرچی وەزارەتی دارایی و ئابووریی توركیا بەڵێنیدا، كە دوای هەڵبژاردنی 14ی ئایار، لیرەی توركی بەهای بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام خراپتر بوو و هەڵاوسانی ئابووریش هەر وەكوو خۆیەتی و 65%ە، بۆیە ترس هەیە، دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا كە 31ی3ی2024 ئەنجام دەدرێت، لیرەی گڕ بگرێت و پێشبینی ئابووریناسان بێتە دی، كە پێیانوایە یەك دۆلار دەگاتە 70 لیرەی توركی و هەندێكیش پێیانوایە یەك دۆلار دەگاتە 150 لیرەی توركی.

لە 1994 لیرەی توركی چی لێهات؟
لە 1994 لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار، مانگ بە مانگ بەهای خۆی لە دەست دەدا، ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتی توركیا دروست كردبوو و گرانیی رووی لەو وڵاتە كردبوو.
سەرەتای ئەو ساڵە 100 دۆلار هەشت هەزار لیرە بوو، بەڵام مانگ بە مانگ بەهای لیرەی توركی دادەبەزی و وای لێهات لە 30ی12ی1994، لیرەی توركی گڕی گرت و 100 دۆلار بوو بە 38 هەزار لیرەی توركی، ئەمەش بووە مانشێتی زۆربەی میدیا جیهانییەكان.
بەڵام ئەوكات سفرەكانی سەر لیرەی توركی مابوون و لانەدرابوون، بۆیە ئەگەر بە پارەی ئێستای توركیا لێكی بدەینەوە، واتە یەك دۆلار بە 38 لیرەی توركی مامەڵەی پێوە كراوە.