پێنتاگۆن زیانه‌كانی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و سووریا ئاشكرا ده‌كات

 

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات له‌وه‌ته‌ی ناوه‌ڕاستی مانگی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ نزیكه‌ی 150 سه‌ربازیان به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌ له‌ عێراق و سووریا بریندار بوونه‌.      

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 7ـی شوباتی 2024) بێت نگۆین، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا (پێنتاگۆن) رایگه‌یاند، له‌وه‌ته‌ی 18ـی مانگی ئۆكتۆبه‌ری 2023ـوه‌ 146 سه‌ربازییان به‌هۆی هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ عێراق و سووریا بریندار بووونه‌.

هه‌روه‌ها روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، له‌ كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌دا دوو سه‌رباز برینه‌كه‌یان زۆر سه‌خت بوووه‌ و نۆی دیكه‌یش برینه‌كه‌یان مه‌ترسیدار بووه‌ و 132 سه‌ربازی دیكه‌یش برینه‌كانیان سووك بووه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشاوه‌، له‌وه‌ته‌ی 17ـی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی رابردووه‌وه‌ 168 هێرش كراوه‌ته‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كه‌ زۆربه‌یان له‌ عێراق و سووریا بوونه‌، هاوكات سێ سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكیش له‌ هێرشی مقاوه‌مه‌ی ئیسلامی له‌ عێراق له‌ ئوردن له‌ نزیك سنووره‌كانی سووریا كوژران.

رۆژی یەکشەممە (28ـی کانوونی دووەمی 2024) فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا رایگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ پێگەیەکی سەربازی هێزەکانی ئەمەریکا لە له‌سه‌ر سنووری نێوان ئوردن و سووریا، سێ سەرباز کوژران و 34 سەربازی دیکەش برینداربوون.

ئه‌و بنكه‌ سه‌ربازییانەی ئه‌مه‌ریكا كه‌ هێرشیكراوه‌ته‌سه‌ر، ده‌كه‌وێته‌ سێگۆشه‌ی سنووری نێوان عێراق، سووریا و ئوردن و لە شەڕی داعش رۆلێکی بەرچاویان هەبوو لە تێکشکاندنی چەکدارەکانی ئەو گرووپە و ئازادکردنی ناوچەکانی عێراق و سووریا کە لەلایەن داعشەوە داگیرکرابوون.

جۆو بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌ لای خۆیه‌وه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێرانی تۆمه‌تباركرد له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشانه‌ی كرایه‌ سه‌ر بنكه‌كانیان له‌ ئوردن.