دەم پارتی یارییەكە لە ئۆپۆزسیۆن تێكدەدات؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

وتەبێژی دەم پارتی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 9ی ئەم مانگەدا بەربژێری خۆیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ئیستانبۆڵ و شارەكانی تر دیاری دەكەن، ئەمەش دەریخست كە لەگەڵ جەهەپەدا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن. ئەگەر دەم پارتی بەربژێری خۆی رابگەیەنێت لە ئیستانبۆڵ، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە، بردنەوەی ئەستەم دەبێت.

زۆرجار لە توركیا، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان، لەبەر ناكۆكی نێوانیان چەندین دەستكەوتیان لەدەستداوە، بۆ نموونە لە 2015، پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان توانیان زۆرینەی پەرلەمان ببەنەوە و سەرۆكی پەرلەمان بە ئاسانی بۆ ئەوان دەبوو، بەڵام چونكە لەناو یەكدا ناكۆك بوون، بۆیە ئەو پۆستە ئاكەپە وەریگرت، بەڵام هەركاتێك یەكگرتوو بن، دەستكەوتیان هەبووە.
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی 14 ی ئایاری 2023، ئاكەپە و مەهەپە توانیان سەركەوتوو بن و زۆرینەی پەرلەمان ببەن و پۆستی سەركۆماریش بۆ ئەوان بێت، ئۆپۆزسیۆنی توركیا پەرت بوو و هاوپەیمانییەتەكەیان بەناوی (میللەت) هەڵوەشایەوە، كە دەم پارتیش یەكێك بوو لەو پارتانەی، پەشیمان بوو دەنگی بە كەمال كلیچدارئۆغڵودا و تەنانەت لایەنگرانی ئەو پارتە لە باكووری كوردستان، رەخنەی زۆریان لێی گرت و گوتیان چۆن بەبێ مەرج دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو دەدەن.
بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31ی3ی2024، دەم پارتی بڕیاریداوە لە ئیستانبۆڵ بەربژێری خۆی هەبێت، كە ئەگەر زۆرە باشاك دەمیرتاش بكەنە بەربژێر. بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2019 دەم پارتی (هەدەپەی پێشوو)، بەربژێری لە ئیستانبۆڵ نەبوو، پاڵپشتی لە ئیمامئۆغڵو كرد، بۆیە ئیمامئۆغڵو توانی بەسەر ركابەرەكەی بیناڵی یڵدرمدا سەركەوێت، بۆیە ئەگەر بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە دەم پارتی پشت لە ئیمامئۆغڵو بكات، ئەگەری بردنەوەی موراد كوڕووم، بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە بۆ بردنەوەی شارەوانی ئیستانبۆڵ زۆرترە.
دەم پارتی بۆچی بەربژێری بۆ ئیستانبۆڵ هەیە؟
دەم پارتی، هەرچەندە بەربژێریشی هەبێت، ناتوانێت سەرۆكی شارەوانیی بباتەوە، بەڵام دەتوانێت یارییەكە تێك بدات، وەكوو چۆن لە 2019 یارییەكەی لە ئاكەپە و مەهەپە تێكدا، دەتوانێت ئەمجارەیان لە ئۆپۆزسیۆنی تێك بدات.
دەم پارتی خاوەنی زیاتر لە 10%ی دەنگەكانە لە ئیستانبۆڵ، دەكاتە زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ، بۆیە ئەو ملیۆن دەنگە لە ئۆپۆزسیۆن ببێتەوە، لە بەرژەوەندی بەربژێری ئاكەپەیە.

دوو هۆكار هەیە، كە دەم پارتی بڕیاریداوە بەربژێری هەبێت:
یەكەم: فشارێكی زۆری لایەنگرانی لەسەرە، بەوەی نابێت هەڵەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 14ی ئایار دووبارە بكەنەوە، كە بەبێ هیچ مەرجێك پشتگیریان لە كەمال كلیچدارئۆغڵو كرد و پاشان كلیچدارئۆغڵو، بەنهێنی رێككەوتنی لەگەڵ ئومید ئۆزداغدا كردبوو، كە ئۆزداغ، كەسێكە تا سەر ئێسقان دژە كوردە. لایەنگرانی دەم پارتی، دەڵێن، دەبێت پشتگیریكردن لە هەر بەربژێرێك بە رێككەوتن بێت و رێككەوتنەكەی ئاشكرا بكرێت، بۆیە رەنگە ئەمە هۆكارێك بێت كە دەم پارتی بەربژێری خۆی هەبێت بۆ ئیستانبۆڵ.
دووەم: رەنگە رێككەوتنێكی نهێنی لە نێوان دەم پارتی و ئاكەپە هەبێت، كە تەنیا لە ئیستانبۆڵ، دەم پارتی بەربژێری هەبێت، بۆ ئەوەی دەنگی دەم پارتی بۆ ئیمامئۆغڵو نەچێت، لە بەرامبەردا، ئەوانیش بەهیچ شێوەیەك ئەو شارەوانییانەی دەم پارتی لە باكووری كوردستان دەیباتەوە، قەیوومی ناكەن و فشاریان ناخەنە سەر. هەموو بۆچوونەكان بۆ ئەوەن، هۆكاری دووەم راست بێت و رێككەوتنی نهێنی لە نێوان ئاكەپە و دەم پارتیدا هەبێت.
هەموو ئەو دەزگا راپرسیانەی باس لەوە دەكەن، كە لایەنگرانی دەم پارتی، دەنگ بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە دەدەن راستی تێدا نییە، چونكە بەگوێرەی شرۆڤەی سیاسییەكانی توركیا، لایەنگرانی دەم پارتی، گوێڕایەڵی پارتەكەیانن و دەنگ بە بەربژێری پارتی خۆیان دەدەن، كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی موراد كورووم، بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە و بەمەش خەونەكەی رەجەب تەییب ئەردۆغان دێتە دی.