ئێران: هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بەدەر نییە

ناسر کەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵی؛ پەیوەندییەکی رووەو فراوانبوون و پتەومان لەگەڵ عێراق هەیە و هەرێمی کوردستانیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بەدەر نییە.

کەنعانی لە کۆنفرانسێکی رۆنامەوانیدا گوتی: هیچ بەربەستێک لەبەردەم پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق نییە و پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، هەرێمی کوردستانیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق بەدەر نییە و پەیوەندییەکی باشی بازرگانی و ئابووریمان لەگەڵیاندا هەیە.

هەروەها ئاماژەیداوە، بەرژەوەندییە هاوبەشەکان وایکردووە بە سەر بەشێک لە ناکۆکییەکاندا زاڵ بین و زەمینەیەکی باشتر بۆ پەیوەندییەکان بڕەخسێنین، ئەمەش جێگەی گەشبینییە، کە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران لە فراوان بوونە.

لەبارەی سەردانی، راوێژکاری باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بۆ بەغدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە، سەردانەکە لە چوارچیوەی هەماهەنگییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتە، گفتووگۆکانیش پەیوەستن بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوکاریی و هەماهەنگی ئەمنی لە پێناو زامنکردنی ئاشتیی و سەقامیگیری ناوچەکە.