بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی چیلی زیاتر لە 100 کەس گیانیان لەدەستداوە

وەزارەتی ناوخۆی چیلی رایگەیاند کە ژمارەی قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی چیلی کە ناوەندی وڵاتەکەی گرتووەتەوە بۆ 112 کەس بەرزبووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە،5ـی شوباتی 2024، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا مانوێل مۆنسالڤێ، جێگری وەزیری ناوخۆ رایگەیاند، بەهۆی ئەو ئاگرەی کەتووەتەوە لە چیلی، تا ئێستا پزیشکی دادوەری “لەو 112 کوژراوە ناسنامەی 32 کەس ناسراوەتەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد، “هێشتا 40 ئاگری چالاک هەیە و نەکوژاوەتەوە.”

لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی چیلی رایگەیاند، ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکان کە چەند رۆژێک لەمەوبەر دەستیپێکردووە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 112 هاووڵاتیی و برینداربوونی سەدان کەس، و هێشتا هەڕەشە لە شاری ڤینادێل مار و ڤالپارایسۆ دەکات کە دوو شاری گەشتیاری کەنار دەریاکانن.

دەسەڵاتدارانی چیلی قەدەغەی هاتووچۆیان راگەیاند و لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان کارمەندی سوپایان بڵاوکردەوە بۆ یارمەتیدانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و وەستانی بڵاوبوونەوەی ئاگرەکان، هاوکات هەلیکۆپتەرە ئاو رشێنەکان لە هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان.

گابرێل بۆریک، سەرۆکی چیلی بۆ ماوەی دوو رۆژ ماتەمینی لە سەرانسەری چیلی راگەیاند، بە گوتەی دەسەڵاتدارانیش، سەدان کەس بێسەروشوێنن و ژمارەی ئەو ماڵانەی زیانیان بەرکەوتووە لە هەزاران کەس تێدەپەڕێت.

چەند رۆژێکە  ئاگر لە دارستانەکانی چیلی کەوتووەتەوە و تەشەنەی کردووە بۆ دوو شاری چیلی، بەو هۆیەوە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان کەس و برینداربوونی سەدان کەس، ئەمە جگە لەو زەرەر و زیانەی کە بەو ماڵانە گەیشتووە نیشتەجێی ئەو شارانەن.