رووسیا: ئه‌مه‌ریكا له‌ نانه‌وه‌ی پشێوی و وێرانكاری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رده‌وامه‌

 – هەولێر

رووسیا ئه‌مه‌ریكا به‌ “نانه‌وه‌ی پشێوی و وێرانكاری” له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تۆمار ده‌كات، هاوكات سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق و سووریا ده‌كات.

ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 3ـی شوباتی 2024) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا دوای هێرشه‌كانی شه‌وی رابردووی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ ئێران له‌ عێراق و سووریا، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌مه‌ریكای به‌ “نانه‌وه‌ی پشێوی و وێنكاری” له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تۆمه‌تبار كرد.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی رووسیا وێڕای سه‌ركۆنه‌كردنی هێرشه‌كان، هاوكات رایگه‌یاندووه‌، ئه‌مه‌ریكا به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناتوانێت لێپێچینه‌وه‌ بكات، بۆیه‌ له‌ نانه‌وه‌ی پشێوی و وێنكاری له‌ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌رده‌وامه‌.

به‌ره‌بەیانی ئەمڕۆ شەممە، له ‌كاردانه‌وه‌ی كوشتنی سێ سه‌ربازه‌كه‌ی ئه‌مەریكا له‌ بنكه‌ی “تی-22″ـی سنووری ئوردن، ئه‌مەریكا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی گرووپ و میلیشیاكان‌ له‌ عێراق و سووریا ده‌ستیپێكرد، تێیدا 85 پێگەی سوپای پاسداران و میلیشیاکان و چەندین کۆگای درۆن و مووشەکیش لەو دوو وڵاته‌ وێرانكران.

هێرشه‌كانی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مەریكا له ‌ده‌ره‌وه‌ی خاكی عێراقه‌وه‌ بوون، كه‌ ره‌نگه‌ كه‌فوكوڵی لایه‌نه‌ شیعه‌كان كه‌متر ده‌ربكه‌ون، به‌ڵام نایشارنه‌وه‌ پێشوه‌خته‌ حكومه‌تی عێراقیان له‌ هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی عێراق ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی عێراقیش له‌ڕێگه‌ی گوته‌بێژی فه‌رمانده‌یی هێزه‌ چه‌كداره‌كان رایگه‌یاند، هێرشەکانی ئەمەریکا تێکدانی هەوڵەکانی عێراقە و راماندەکێشێت بۆ دەرئەنجامە پێشبینی نەکراوەکان، كه‌ بەجۆرێکه‌ لێکەوته‌ی کارەساتباری بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری عێراق ده‌بێت.

هێرشه‌كه‌ی ئه‌مەریكا بۆ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گای گرووپ و میلیشیا چه‌كداره‌كان له‌ عێراق و سووریا، پێناچێت یه‌كه‌م و دوایین هێرش بێت و دڵی ئه‌مەریكا به‌و 125 مووشه‌كه‌ ئاو بخواته‌وه‌، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێت زنجیره‌یه‌ك هێرشی دیكه‌ی به‌دوادابێت و دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی نادیار ببات.