ئەردۆغان چۆن بە بەردێك دوو چۆلەكەی پێكا؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

پەیوەندیی دیبلۆماسی توركیا و ئەمریكا، زیاتر لە هەشت ساڵە گرژی تێكەوتووە، هەروەها توركیا و یەكێتی ئەورووپاش پەیوەندییەكانیان لەوپەڕی خراپییە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، هەموو هەوڵێكی دەدات تا بتوانێت لەو دوو لایەنە نزیك ببێتەوە، بۆیە توانی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ بكاتە كارتێكی فشاری بەهێز تا لە لایەك لە ئەمریكا نزیك ببێتەوە و جۆ بایدن داوەتی ئەمریكای بكات، لە لایەكی تریش چەند هەنگاوێك لە یەكێتی ئەورووپا بچێتە پێشەوە.

هەفتەی رابردوو، پەرلەمانی توركیا بە كۆی دەنگ بڕیاریاندا سوید بكەنە ئەندامی ناتۆ، ئەمەش دوای ساڵێك چاوەڕوانی سوید، بەڵام ئەو بڕیارە بەبێ بەرامبەر نەبووە، بەڵكوو ئەردۆغانیش چەند مەرجێكی خۆی سەپاندووە، گرنگترینیان كڕینی فڕۆكەی جەنگی F16 یە لە ئەمریكا، كە لە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ و بایدندا، ئەو پڕۆسەیە راگیرابوو.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئیدارەی بایدن، حكوومەتی توركیایان ئاگادار كردبووەوە، ئەگەر لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا پڕۆسەی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ چارەسەر نەكەن، ئەوكات بەهیچ شێوەیەك فڕۆكەی جەنگی F16 یان پێنافرۆشرێت و ئەوەیشی زیاتر توركیای ترساند، بایدن بە توركیای راگەیاندووە، فڕۆكەی جەنگی F35 دەفرۆشنە یۆنان، كە ئەمەش بە تەواوی توركیای دووچاری مەترسییەكی گەورە دەكردەوە.
بۆیە بەپەلە پڕۆسەی ئەندامبوونی سوید لەناو پەرلەمان خرایە دەنگدان و ئاكەپە و مەهەپە، بە كۆی دەنگ توانیان سوید بكەنە ئەندامی ناتۆ، ئەگەرچی جارێ وڵاتی هەنگاریا ماوە لەناو پەرلەمانی خۆی بڕیار لەبارەی ئەندامبوونی سویدەوە بدات، بەڵام هەنگاریا پێشتر رایگەیاندبوو ئەگەر توركیا رازی بێت، ئەوانیش لەناو پەرلەمان ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ تێدەپەڕێنن.
ئەتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە سەردانەكەی بۆ توركیا لە 6ی 1ی 2024، بە رونی بەهاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیای گوت، بایدن زۆر نیگەرانە كە ئەندامبوونی سویدتان لە ناتۆ دواخستووە، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، ئەوكات ئەمریكا یۆنان دەكاتە خاوەنی فڕۆكەی جەنگی F35، بۆیە فیدان بەپەلە پەیامەكەی بە ئەردۆغان گەیاندووە.
ئۆزگوور ئونلوهیسارجیكلی، شڕۆڤەكاری سیاسی، پێیوایە توركیا بۆیە پڕۆسەی ئەندامبوونی سویدی پێشخست، زانی سوودەكانی لە زیان زیاترە، هەروەها خۆشی نەخستە ناو ئەو ریسكەوە كە بەتەواوی ئەمریكا پشتیان تێبكات بۆ مەبەستی كڕینی فڕۆكەی جەنگی F16.
ئۆزگوور، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”توركیا هەستی بەوە كرد، ئەگەر ئەندامبوونی سوید زیاتر دوا بخات، پڕۆسەی كڕینی فڕۆكەی جەنگی F16، دەكەوتە مەترسییەوە و لە لایەكی تریش، ئەمریكا فڕۆكەی جەنگی F35 ی بە یۆنان دەفرۆشت. جیا لەوەی ئەردۆغان، چاوەڕێیە كە بایدن داوەتی كۆشكی سپی بكات، بەم هەنگاوەی رەنگە چوونی ئەردۆغان بۆ كۆشكی سپی نزیكتر بكرێتەوە.“
توركیا بەم هەنگاوەی، جیا لەوەی دڵی ئەمریكای خۆش كرد، لە هەمان كاتدا یەكێتی ئەورووپاش سوپاسی توركیای كرد، كە رەزامەند بوو سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ، بۆیە ئۆزگوور پیوایە، توركیا لە یەكێتی ئەورووپا نزیك بووەوە و یەكێتی ئەورووپاش رێگە دەدات لە كۆبوونەوەی لوتكەی وڵاتانی ئەورووپا كە بڕیارە مانگی ئاداری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت توركیاش بەشدار بێت.

نابێت توركیا فڕۆكەی جەنگی F16 بەرامبەر بە یۆنان بەكاربهێنێت
تاوەكوو ئێستا كۆنگرێسی ئەمریكا بڕیاری نەداوە فڕۆكەی جەنگی F16 بە توركیا بفرۆشرێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە، فشا بخرێتە سەر كۆنگرێس تا ئەو پڕۆسەیە دەنگی لەسەر بدرێت، بەو مەرجەی بە هیچ شێوەیەك توركیا ئەو فڕۆكەیە بەرامبەر بە یۆنان بەكارنەهێنێت، تەنانەت نابێت ئاسمانی ئەو وڵاتەش ببەزێنن.
وەكوو ئەوەی زانراوە، توركیا ئامادەیە ئیمزا لەسەر ئەو رێككەوتنە بكات كە بە هیچ شێوەیەك فڕۆكەی جەنگی F16 بەرامبەر بە یۆنان بەكارناهێنێت.
بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، كە كۆنگرێسی ئەمریكا دەنگ لەسەر ئەو دەدات كە فڕۆكەی جەنگی F16 بە توركیا بفرۆشن، چونكە ئێستاش بەشێكی زۆری ئەندامانی كۆنگرێس دژی ئەوەن و دەبێت بایدن لە رێگەی وەزارەتی دەرەوەیدا رازیان بكات كە بەو مەرجەی دیاری كراوە، فڕۆكەی جەنگی F16 بە توركیا بفرۆشن.

توركیا بەكڕینی مووشەكی بەرگری S400 گەورەترین هەڵەی ئەم سەدەیەی كردووە
ئالان ماكۆڤسكی، شارەزای بواری سەربازی و سیاسەتی نێودەوڵەتی، پێیوایە توركیا گەورەترین هەڵەی سەدەی كرد، كاتێك مووشەكی بەرگری S400ی لە رووسیا كڕی، چونكە ئەمە ئەمریكای نیگەران كرد و توركیای لە چەندین چەكی قورس بێبەش كرد.
ماكۆڤسكی دەڵێت: ”توركیا مووشەكی بەرگری S400ی لە رووسیا كڕی كە هەر بەكاریشی نەهێناوە و بڕی سێ ملیار دۆلاری پێیدا، كەچی لەبەر كڕینی ئەو مووشەكە، توركیا لە كڕینی فڕۆكەی جەنگی F16 لە ئەمریكا بێبەش كرا و هەروەها لە كڕینی فڕۆكەی جەنگی F35یش بێبەش كرا، بۆیە توركیا بە كڕینی مووشەكی بەرگری S400 لە رووسیا، گەورەترین هەڵەی سەدەی كردوە.“
دوای ئەوەی رووسیا جەنگی دژی ئۆكڕاینا هەڵگیرساند و پەلاماری ئەو وڵاتەیدا، سویدی لەبەر غەزەبی رووسیا، داوای لە ئەمریكا كرد ببێتە ئەندامی ناتۆ، تا لەرێگەی ناتۆوە بتوانێت خۆی لە هێرشی رووسیا بپارێزێت.
هەموو وڵاتانی ئەندامی ناتۆ رەزامەندییان نیشاندا كە سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ، تەنیا توركیا و هەنگاریا دژی وەستانەوە. توركیا تۆمەتی ئەوەی دایە پاڵ سوید، كە پاڵپشتی لە پەكەكە دەكات، بۆیە تا پاڵپشتییەكانی نەبڕێت نایكەنە ئەندامی ناتۆ و زیاتر لە ساڵێكە سویدی لە چاوەڕوانی ئەندامی ناتۆ هێشتووە و تا دواجار، هەفتەی رابردوو، پەرلەمانی توركیا بەكۆی دەنگ بڕیاریدا سوید بكەنە ئەندامی ناتۆ.