باشاك دەمیرتاش لە ئیستانبۆڵ ركابەری بەربژێرە توركەكان دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

باشاك دەمیرتاش، هاوسەری سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، مەیلی هەیە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، لەسەر بازنەی ئیستانبۆڵ بەربژێری بكەن، بەڵام تاوەكوو ئێستا دەم پارتی بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە نەداوە.

باشاك، لە چەند دیمانەیەكی پێشوویدا، باسی لەوە كردبوو حەزی لێ نییە بچێتە ناو سیاسەت، بەڵام دوای ئەوەی خەڵكێكی زۆر پشتگیریان كرد بۆ ئەوەی لە سیاسەتدا بوونی هەبێت، چونكە بەهۆی سەلاحەدین دەمیرتاشەوە كوردانی باكوور خۆشیان دەوێت و گرنگی پێ دەدەن، بۆیە ئەویش لە هەڵبژاردنی 14ی ئایاردا بەشێوەیەكی ئاكتیڤ هاتە ناو سیاسەت.
هەرچەندە سەرەتا باس لەوە دەكرا باشاك، لەسەر بازنەی ئامەد دەبێتە بەربژێر بۆ پەرلەمانتاری، بەڵام بۆ خۆی پێی باش نەبووە بەربژێر بكرێت و بەڵێنیدا كە لە پروپاگندەی هەڵبژاردندا بەشدارییەكی چالاكی هەبێت و هەرواشی كرد، توانی پروپاگندەیەكی باش بكات و لە میتینگەكانی دەم پارتی، وتاری دەدا و سڵاوی دەمیرتاشی بە لایەنگرانی دەم پارتی دەگەیاند.
ئەوەی سوپڕایز بوو بۆ خەڵك و چاوەڕواننەكراوبوو، لە چاوپێكەتنێكدا باشاك دەڵێت ”ئەگەر پارتەكەم داوام لێ بكات بۆ ئەوەی لەسەر بازنەی ئیستانبۆڵ ببمە بەربژێر، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، بە خۆشحاڵییەوە قبوڵی دەكەم“
ئەو گوتەیەی بۆیە چاوەڕواننەكراو بوو، چونكە باشاك و دەمیرتاش، نێوانیان زۆر خۆشە لەگەڵ ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، تەنانەت هاتووچۆی خێزانیشیان هەیە و چەندین جار لە زیندانەوە دەمیرتاش پاڵپشتی خۆی بۆ ئیمامئۆغڵو دەربڕیوە، بۆیە چاوەڕواننەكراوە بۆ خەڵك، كە باشاك ركابەری لەگەڵ ئیمامئۆغڵوی دۆستی هاوسەرەكەی بكات.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، دەمیرتاش لە نامەیەكدا داوای لە كوردانی ئیستانبۆڵ كرد، دەنگ بە ئیمامئۆغڵو بدەن، بۆیە زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگدەری كورد دەنگیان بە ئیمامئۆغڵودا و توانی بەسەر بیناڵی یڵدرم بەربژێری ئاكەپە و مەهەپەدا سەركەوێت، ئایە ئەمجارەیان دەمیرتاش پشت لە ئیمامئۆغڵو دەكات بۆ هاوسەرەكەی؟
باشاك ئەگەر ببێتە بەربژێریش، ناتوانێت سەركەوتوو بێت، چونكە ئەگەر هەموو دەنگدەرێكی دەم پارتی دەنگی پێ بدەن، دەتوانێت 10%ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، بەڵام بەربژێربوونی ئەو، لە بەرژەوەندی موراد كورووم، بەربژێری ئاكەپە دەبێت، چونكە ئەگەر ئەو رێژە دەنگەی دەم پارتی نەچێت بۆ ئیمامئۆغڵو، زیانێكی گەورەی بەردەكەوێت و ئەگەر زۆرە موراد كورووم، بتوانێت شارەوانی ئیستانبۆڵ بباتەوە.
سەزایی تەمەللی، سەرۆكی فڕاكسیۆنی دەم پارتی لەناو پەرلەمانی توركیا، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و لەبارەی بەربژێربوونی باشاك گوتی: ”ئەگەر داوا بكات بە دڵنیاییەوە پێشوازی لێ دەكەین، بەڵام دەبێت ئەو لیژنەیەی لەناو پارتدا پێكهێنراوە بۆ دیاریكردنی بەربژێر بڕیاری لەسەر بدات“
ئەمەش دەریدەخات كە بۆ ئیستانبۆڵ، دەم پارتی و جەهەپە رێككەوتنێكی سەرەتاییان هەیە و ئەگەر زۆرە بەربژێریان نەبێت و پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو بكەن.
باشاك ئافرەتێكی خۆشەویستە لەناو كوردانی باكوور، ئەو خۆشەویستییەشی بەپاڵپشتی دەمیرتاشی هاوسەرییەوە وەرگرتووە، بۆیە لە هەر شارێكی باكووری كوردستان بەربژێر بكرێت سەركەوتوو دەبێت، بەڵام وەكوو ئەوەی چاودێرانی سیاسی ئاماژەی بۆ دەكەن، بۆ ئیستانبۆڵ هەڵەیەكی گەورە دەبێت، چونكە لە لایەك زیان بە ئیمامئۆغڵو دەگەیەنێت، لەلایەكی تریشدا ناتوانێت سەركەوتوو بێت و ببێتە سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ.

دەبوایە لە شوێنی ئەحمەد تورك بەربژێر بوایە
دەم پارتی، بەشێوەیەكی دیموكراتی هەڵبژاردنی لە لقەكانیدا ئەنجامدا بۆ دیاری كردنی بەربژێر، ئەحمەد تورك، سیاسەتمەداری باكووری كوردستان و هەروەها لە خولەكانی پێشووتردا چوار جار پەرلەمانتار بووە، بووە بەربژێری دەم پارتی لە مێردین، كە بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، ئەحمەد تورك، لە 2019 توانی سەركەوێت، بەڵام شارەوانییەكەی قەیوم كرا و بۆ خۆشی خرایە زیندانەوە، تەمەنیشی لە 80 ساڵ نزیك دەبێتەوە، بۆیە هەڵەیە ئەو بكرێتەوە بە بەربژێر، چونكە دووبارە قەیوومی دەكەن، بەڵام باشاك دەمیرتاش، باشترین بەربژێری دەم پارتی دەبوو لە مێردین، ئەگەر بهاتایە بۆ خۆشی قبوڵی بكردایە، بەڵام تازە ئەحمەد تورك یەكلایی بووەوە.
لە 31ی3ی 2024، توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان و هەموو پارتە سیاسییەكان بەربژێری خۆیان دیاری دەكەن. دەم پارتیش یەكێكە لەو پارتانەی قورساییەكی زۆری لە باكووری كوردستان و ئیستانبۆڵ هەیە، بۆیە بەربژێرەكانی لە رێگەی هەڵبژاردنی لقەكانەوە دیاری دەكات و چاوی لەوەیە 100 شارەوانی بباتەوە.