جێگری وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی رازی بوون بە بڵاوکردنەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە خاکی پۆڵەندا.
جێگری وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا “ئانزێج شیینا” بە رۆژنامەی” Rzeczpospolita” گوت: ئەگەر ئەڵمانیەکان بیانەوێت لایەنی رۆژهەڵاتی ناتۆ لە پۆڵەندا بەهێز بکەن، وەک ئەوەی لە لیتوانیا کردیان، ئێمە هاوڕاین و پێشوازییان لێدەکەین.”
دیپلۆماتکارە پۆڵەندییەکە ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی بارودۆخی دوژمنکارییە بەردەوامەکان لە دەرەوەی سنووری رۆژهەڵاتی پۆڵەندا، وارشۆ پێشوازی لە هەر هاوکارییەک دەکات کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە بکرێت.
جێگری وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا دەشڵێت: لە ئێستادا نزیکەی 10 هەزار سەربازی ئەمەریکا لە پۆڵەندا بڵاوکراونەتەوە.
ساڵی رابردوو ئەڵمانیا و لیتوانیا رێککەوتن لەسەر بڵاوکردنەوەی لیوایەکی ئەڵمانی لە ناوچەکە تا ساڵی 2027، کە پێکهاتە سەرەکییەکان لە ساڵانی 2025 بۆ 2026 دەگوازرێنەوە.
ئەڵمانیا پێنج هەزار سەربازیلە لیتوانیا بڵاوکردووەتەوە، کە لە لیوایەک و سێ باتالیۆنی، مانۆڕ و یەکەی پشتیوانی و یەکەی شەڕکەری پێویست پێکدێن.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا رووسیا چالاکییەکانی ناتۆی بە درێژایی سنوورەکانی رۆژئاوای تۆمارکردووە. هەروەها چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە، کە رووسیا هەڕەشە لە هیچ کەسێک ناکات، بەڵام ئەو کردارانەش پشتگوێ ناخات کە لەوانەیە بەرژەوەندییەکانی بخاتە مەترسییەوە.