لە ئیستانبۆڵ دەم پارتی بەربژێری دەبێت

دەم پارتی و جەهەپە، بەشێوەیەكی سەرەتایی رێككەوتوون، كە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بەیەكەوە هەنگاو بنێن، بەو مانایەی لە هەندێك شوێن دەم پارتی پشتگیری لە بەربژێری جەهەپە بكات و لە هەندێك شوێنی تر، جەهەپە پشتگیری لە دەم پارتی بكات.

تولای حاتمئۆغڵولەری و تونجەر بەكرخان، هاوسەرۆكانی هەدەپە، سەردانی ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپەیان كرد و لە نزیكەوە باسیان لە چەندین بابەت كرد، دیارترینیان هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بوو كە بڕیارە لە 31ی3ی2024 ئەنجام بدرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كەوتوەتە دەست میدیاكان، كۆبوونەوەكە یەك سەعات و نیوی خایاندووە، لەوێدا هەردوو لا رێككەوتوون لە چەند شارێكدا پاڵپشتی لە یەكتری بكەن. ئەوەی زانراوە، تاوەكوو ئێستا بۆ (ئیستانبۆڵ، ئەدەنا، هاتای، مێرسین)، رێككەوتوون كە بەیەكەوە بچنە ناو هەڵبژاردن.
ئیستانبۆڵ تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكە بوو
ئەوەی گرنگە بۆ جەهەپە، ئیستانبۆڵە و دەیەوێت دەم پارتی هیچ بەربژێرێكی نەبێت و پشتگیری لە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بكات. دەم پارتی، بەتەواوی بڕیاری كۆتایی لەوبارەیەوە نەداوە، بەڵام پێشبینی و نزیكبوونەوەی جەهەپە و دەم پارتی ئەوە دەردەخات، بۆ ئیستانبۆڵ، پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو بكەن.
ئیستانبۆڵ بەسەر 39 ناوچەدا دابەش بووە، جەهەپە بەرنامەی هەیە بۆ هەموو ئەو ناوچانە بەربژێری هەبێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكان، لە بەشێك لەو ناوچانە دەم پارتی زۆر بەهێزە و جەهەپە ناتوانێت سەركەوتوو بێت، بۆیە ئەگەر هەیە، لە بەشێك لەو ناوچانە پشتگیری لە دەم پارتی بكەن، واتە دەم پارتی بەربژێری بۆ سەرۆكی شارەوانی نابێت، بەڵام بۆ چەند ناوچەیەك بەربژێری دەبێت.
هەروەها دەم پارتی بە جەهەپەی راگەیاندووە، دەبێت بە توندی دژی سیاسەتی قەیووم بوەستنەوە، جەهەپەش دوپاتیكردووەتەوە وەكوو چۆن پێشتر دژی سیاسەتی قەیووم بوونە، ئێستاش بە هەمان شێوە دژی دەوەستنەوە.
لەبەر دڵی دەم پارتی بەربژێری ئەنتاڵیایان گۆڕی
دەم پارتی، نیگەرانە لە مەحێدین بۆجەك، سەرۆكی شارەوانی ئەنتاڵیا و ئەو نیگەرانییەشیان بە ئاشكرا بە سەركردایەتی جەهەپە گوتووە. ئەگەرچی وتەبێژی جەهەپە ئاماژەی داوە، كە دەم پارتی بە هیچ شێوەیەك سانسۆری لەسەر بۆجەك نەبووە و تەنیا لێی نیگەران بوونە، بەڵام ئاماژەكان بۆ ئەوەن، لەبەر دڵی دەم پارتی بۆجەك دووبارە بۆ سەرۆكی شارەوانی ئەنتاڵیا بەربژێر ناكرێتەوە.
لەناو سەركردایەتی جەهەپە، بۆجەك یەكێك بوو لەوانەی دەنگی پێدرا تا بەربژێر بكرێتەوە، بەڵام لە دوا ساتەكاندا ناوەكەی دەرهێنرا و لە كۆبوونەوەی داهاتوو دەنگ لەسەر بەربژێرێكی تازە دەدەن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە دەم پارتی گوتویەتی ئەگەر بۆجەك ببێتە بەربژێر ئێمە لە ئەنتاڵیا دەنگی بۆ نادەین، بۆیە بۆجەك لە بەربژێری دوور خراوەتەوە.
پەیوەندییەكانیان بە نهێنی ناهێڵنەوە
پێشتر هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیا، بەنهێنی و بەشەرمەوە پەیوەندییان لەگەڵ هەدەپە دەبەست، كە ئێستا بووەتە دەم پارتی، چونكە فشارێكی زۆری میدیایان لەسەر بوو بەوەی دەم پارتی باڵێكی سیاسی سەر بەپەكەكەن، بەڵام ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ هاوسەرۆكانی دەم پارتی گوتی: ”لەناو پەرلەمانی توركیادا دەم پارتی، سێیەم گەورەترین پارتە، بۆیە لەمەودوا بە ئاشكرا و بەشەفافی پەیوەندییان لەگەڵدا دەبەستین. ئەم سەردانەی دەم پارتیش بۆ لای ئێمە پێمان دەڵێن ئەمە سەرەتای هەنگاونانمانە بۆ ئەوەی لە داهاتوو پەیوەندییەكانمان بەردەوامی هەبێت.“
دەم پارتی، لیژنەیەك پێكدەهێنێت و ئەو لیژنەیە كار لەسەر ئەوە دەكەن، چۆن بتوانن لەگەڵ جەهەپەدا رێكبكەون تا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا بەیەكەوە هەنگاو بنێن، بەتایبەت لە ئیستانبۆڵ و ئەنتاڵیا و ئیزمیر، چونكە هاوپەیمانیی (كۆماری)، هەوڵەكانی چر كردووەتەوە تا بتوانن ئەو سێ گەورە شارەوانییە لە ئۆپۆزسیۆن وەربگرنەوە.
بڕیارە لە 31ی3ی2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا ئەنجام بدرێت، بۆیە پارتە سیاسییەكان بەربژێرەكانی خۆیان دیاری دەكەن و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆش پروپاگندە دەستیپێكردووە، بەتایبەت لە ئیستانبۆڵ، چونكە شەڕی گەورەی ئۆپۆزسیۆن و پارتی دەسەڵات، لەسەر ئیستانبۆڵە.