بەهۆی گرانی كرێی شووقە ژیان لە ئیستانبۆڵ قورس بووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ژیان لە ئیستانبۆڵ زۆر قورس بووە، لە لایەك نرخی خۆراك بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە، لەلایەكی تر نرخی كرێی شووقە، ئەمەش وای كردووە هاووڵاتی بیر لەوە بكاتەوە ئەو شارە بەجێبهێڵێت و روو لە لادێكان بكات.

كرێی شووقەیەكی زۆر ئاسایی و 60 مەتر، هەروەها لە گەڕەكێكی خراپ و دوورە شار، مانگانەكەی بە 15 هەزار لیرەی توركییە، ئەمەش وای كردووە هاووڵاتی بێزار بێت لە مانەوەی لە ئیستانبۆڵ و بیر لەوە دەكاتەوە لە لادێ یان شارێكی تردا بژیت.
چیدەم، ئافرەتێكە بەدوای شووقەدا دەگەڕێت، ئەو دەڵێت شووقەیەكی ئاساییش بێت، تەنیا بە كەڵكی ئەوە بێت ژیانی تێدا بێت دەمەوێت، كەچی بۆی نادۆزرێتەوە، چونكە نرخەكان لە 15 هەزار لیرە تا 25 هەزار لیرەیە، لە گەڕەكە خۆش و بەناوبانگەكانی وەكوو (ولوس، بێشكتاش، شیشلی) نرخی شووقەیەكی 100 مەتری 40 هەزار لیرەی توركییە.
چیدەم دەڵێت: ”وای دابنێ شووقەیەكم دەستكەوت بە 15 هەزار لیرە، ئەی كرێی ئاو و كارەبا و گازی سروشتی و ئینتەرنێت، مانگانە دەگاتە 25 هەزار لیرە، پێم بڵێن ئەو پارەیە چۆن پەیدا دەبێت و چۆن دەتوانم كارێك بدۆزمەوە تا ئەو پارەیەم پێ بدەن“.
پێشتر واتە چەند ساڵێك بەر لە ئێستا، نرخی شووقەیەكی 100 مەتری لە گەڕەكێكی ئاسایی ئیستانبۆڵ 5هەزار لیرە بوو،. ئێستا بووەتە 15 هەزار تا 20 هەزار.
ئەوەی زیانی زۆری بەركەوتووە، ئەو قوتابییانەن كە لە شارەكانی تری توركیاوە بۆ خوێدن هاتوونەتە ئیستانبۆڵ و دەڵێن جیا لە پارەی كرێی شووقە، دەبێت رۆژانە 200 لیرەمان پێبێت تا سكمان تێر بكەین و بشتوانین سواری مێترۆ بین بۆ ئەوەی بگەینە زانكۆ.
بەڵام بەگوێرەی زانیارییەكانی بەشێك لە قوتابیان، ئەوان رۆژانە 60 لیرەیان هەیە بۆ ژیان، ئەو پارەیەش تەنیا بۆ گواستنەوە و یەك ژەم بەكاردەهێنن.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی توركیا، كەمترین مووچەی لە توركیا بە 17 هەزار لیرەی توركی جێگر كرد، بەڵام وەكوو ئەوەی هاووڵاتیان باسی دەكەن، ئەو مووچەیە تەنیا بەشی كرێی شووقەیەكی 60 مەتری دەكات، ئەی چی بخۆن و چۆن بتوانن پێداویستیی ماڵ و منداڵیان دابین بكەن.
وەكوو ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، ئیستانبۆڵ یەكێكە لەو شارانەی كرێی شووقەی بەشێوەیەك بەرز بووەتەوە لە هیچ شارێكی جیهاندا بەو شێوەیە نییە، بۆیە بەشێكی زۆری ئەو كەسانەی بۆ كار هاتوونەتە ئیستانبۆڵ، شارەكەیان بەجێهێشتووە، هەروەها قوتابییەكی زۆریش ئیستانبۆڵیان بەجێهێشتووە و روویان لە شارەكانی تری توركیا كردووە بۆ خوێندن.
روكەن، قوتابی زانكۆیە، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC)ی توركی كردووە، دەڵێت ناتوانم شووقەیەك بە كرێ بگرم دووری شوێنی زانكۆم بێت، چونكە تا دەگەمە زانكۆ، رەنگە نیوەی رۆژەكەم لەناو مێترۆ ببەمە سەر، بۆیە ئێمە ناچارین شووقەیەك بێت لە نزیكی زانكۆ بێت.
بەڵام بەهۆی گرانی نرخی شووقە، روكەن بیر لەوە دەكاتەوە واز لە خوێندن بهێنێت و بچێت لە لادێ نیشتەجێ بێت و ژیان لەوێ دەستپێبكات.

ھەواڵی زیاتر