لوید ئۆستن بەهۆی شاردنەوەی نەخۆشیەکەی کێشەی بۆ ئیدارەی بایدن دروستکردووە

نهێنییەکانی لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەبارەت بە دەستنیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجە و خەواندنەکەی لە نەخۆشخانە، بووەتە هۆی شەرمەزاری بۆ ئیدارەی جۆ بایدن و قەیرانی متمانە لەناوخۆدا دروست کردووە.

کۆشکی سپی رایگەیاندووە کە سەرۆکی ئەمەریکا، تا رۆژی سێشەممە نەیزانیوە وەزیری بەرگری تووشی شێرپەنجەی پرۆستات بووە، ئەمەش دوای چەند خولەکێک لە ئاشکرابوونی بۆ رای گشتی هات.

لوید ئۆستنی تەمەن 70 ساڵ، لە 1ـ1-2024، گواسترایەوە بۆ سەنتەری پزیشکی سەربازی واڵتەر ڕید، هەروەها پێنتاگۆن بە درێژایی هەفتەکە راستییەکەی لە ئەمەریکییەکان و کۆشکی سپی و کۆنگرێس شاردبووەوە، ئەمەش رەخنەی سیاسی بەرفراوانی لێکەوتەوە.

ئەم رووداوە شەپۆلێکی رەخنەی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی لێکەوتەوە، داوای لێکۆڵینەوە لە کۆنگرێس دەکەن، لە کاتێکدا گوتەبێژی جۆ بایدن، پشتڕاستی کردەوە کە “متمانەیەکی تەواو”ـی بە وەزیری بەرگری هەیە.

نوێنەرانی هەردوولا رایانگەیاند، نیگەرانییەکی قووڵیان هەیە، چونکە سەرۆکی ئەمەریکا ئاگاداری ئەوە نەبووە کە یەکێک لە وەزیرە گرنگەکانی حکومەتەکەی ماوەی سێ رۆژ لە نەخۆشخانە خەوێندراوە لەکاتێکدا دوو شەڕ لە غەززە و ئۆکرانیا بەڕێوەدەچێت.

رۆجەر ویکەر، سیناتۆری ئەمەریکی، کە دیارترین ئەندامی کۆمارییەکانە لە لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیران، رایگەیاند، دۆخەکە “قبووڵ ناکرێت” داوای کرد کە راستییە تەواوەکان دەستبەجێ بخرێنەڕوو، لای خۆیەوە، سیناتۆری دیموکراتەکان جاک ڕید، سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیران، گوتی: “ئاشکرانەکردنی زانیاریەکان نابێت هەرگیز دووبارە ببێتەوە”.

لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، هێرشی کردە سەر ئیدارەی بایدن، داوای کرد ئۆستن بەهۆی “هەڵسوکەوتی نەشیاوی پیشەیی و پشتگوێخستنی کارەکەی” دەست لەرکار بکێشێتەوە.