لە یەكەم رۆژی ساڵی 2024دا نرخی یەك سەموونبووە 10 لیرە

كارزان گلی – هه‌ولێر

هاووڵاتیانی توركیا و باكووری كوردستان، لە یەكەم رۆژی ساڵی 2024دا، بە هەواڵێكی ناخۆش دەستیان پێكرد، ئەویش گرانبوونی نرخی سەموون بوو، كە یەك سەموونی 250 گرامی، لە حەوت لیرەوە بۆ 10 لیرەی توركی بەرزبووەوە. چاوەڕوان دەكرێت، بۆ ئەمساڵ ئابووری توركیا هیچ گەورەبوونێك بەخۆیەوە نەبینێت.

حكوومەتی توركیا، كەمترین مووچەیان لە توركیا گەیاندە 17 هەزار لیرەی توركی، ئەمەش لە كاتێكدایە كە 100 دۆلاری ئەمریكی گەیشتووەتە 3000 لیرەی توركی، واتە كەمترین مووچە لە توركیا 600 دۆلارە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە تەنیا كرێی شووقەیەكی ئاسایی لە ئیستانبۆڵ، دەگاتە 350 دۆلاری ئەمریكی.
بەرزكردنەوەی مووچە، كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵك نابێت، وەكوو ئەوەی ئابووریناسان باسی دەكەن، هیچ خاوەن كارێك بەو رێژە مووچەیە كرێكار وەرناگرێت، رەنگە كاتێك مووچە وەردەگرێت ئەو پارەیە بنووسرێت، حكوومەت دایناوە، بەڵام رێژەیەكی زۆر كەمتر لەو مووچەیەی دیاری كراوە دەدرێتە كرێكار و كارێكاریش لەبەر نەبوونی رازی دەبێت.
هاووڵاتیانی توركیا و باكووری كوردستان، داوا دەكەن نرخی خۆراك هەرزان بێت، هەروەها هەڵاوسانی ئابووریش كەم بكرێتەوە، ئەوكات مووچە زیادیش نەكرێت ئاساییە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری توركیا، پلانیان هەیە هەڵاوسانی ئابووریی لەمساڵدا بگەیەننە 40%، بەڵام هەموو پێشبینییە ئابوورییەكان بۆ ئەوەن، ئەستەمە وەزارەتی دارایی و ئابووریی بتوانێت هەڵاوسان بەو رێژەیە دابەزێنێت.
لە 31_3_2024، توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، بۆیە تا ئەوكاتە رەنگە حكوومەت زۆر شت بكات لە بەرژەوەندی هاووڵاتی بێت، نموونە زیادكردنی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام عەلی باجان، سەرۆكی پارتی دەوا لە توركیا، دەڵێت ئەو هەنگاوە ئابوورییانە كاتین و لەدوای هەڵبژاردن دۆخەكە خراپتر دەبێت.
بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكایەتی لە 2023، بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی 2200 لیرە بوو، ئەوكات بانكی ناوەندی بەڵێنی دابوو كە بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بەرز بكاتەوە، بەڵام دوای هەڵبژاردن بەپێچەوانەوە بەهای دۆلار بەرز بووەوە و 100 دۆلار گەیشتە 3000هەزار لیرەی توركی و چاوەڕوانیش دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ بگاتە 4000 لیرەی توركی.
هاووڵاتی توركیا هیچ گەشبین نییە بە داهاتووی رەوشی ئابووری لە وڵاتەكەیاندا، چونكە نرخی هەموو كاڵایەك لە توركیا گران بووە، باجی حكوومەتیش لەسەر هەموو شتێك زیادی كردووە، لە دوو رۆژی رابردووشدا نرخی پەڕینەوە بەسەر پرد و تونێلەكان زیادی كرد و هەروەها نرخی پاس و میترۆ و تڕامیش بەهەمان شێوە بەرز بووەوە.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، گەشبینە بەوەی پلانە ئابوورییەكەیان سەر دەگرێت و هەڵاوسان كەم دەكەنەوە، هەروەها بەهای دۆلاریش بەرامبەر بە لیرەی توركی دادەبەزێنن، بۆ ئەمەشیان داوایان لە وەبەرهێنەرە بیانییەكان كردووە روو لە توركیا بكەن، بەڵام تاوەكوو ئێستا وەكوو پێویست وەبەرهێنەری بیانی نەهاتوونەتە توركیا، بەڵام بەبەراورد بە چەند ساڵی رابردوو، رەوشەكە باشترە و لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار وەبەرهێن لەلایەن وەبەرهێنەری بیانییەوە لە توركیا كراوە، بەڵام ئەردۆغان چاوی لەوەیە لە 2024دا زیاتر لە 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە وڵاتەكەیدا بكرێت، تا بتوانێت وڵاتەكەی لەو قەیرانە سەختە ئابوورییە رزگار بكات.