تایوان: چین شەڕی دەروونیمان لەگەڵ دەکات

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بەرگری تایوان، چینی تۆمەتبار کرد بەوەی کە هەڕەشە لە سەلامەتی فڕۆکەوانی دەکات و “شەڕی دەروونی” دژی گەلەکەیان ئەنجام دەدات، دوای ئەوەی لەم دواییانەدا ژمارەیەکی زۆر باڵۆنی لەنزیک دوورگەکە هەڵداوە کە چەند رۆژێک ماوە بۆ هەڵبژاردنەکانی تایوان.

 ئەگەری بەکارهێنانی باڵۆن بۆ سیخوڕی لەلایەن چینەوە لە مانگی شوباتی ساڵی رابردوودا بووە پرسێکی جیهانی، کاتێک ئەمەریکا رایگەیاند باڵۆنێکی چاودێری چینی خستووەتە خوارەوە، چینیش بانگەشەی ئەوەی کردووە کە باڵۆنەکە بۆ مەبەستی مەدەنی بەکارهێنراوە و بە هەڵە لە رێرەوی سەرەکی خۆی لایداوە.

 تایوان بەتەواوی خۆی ئامادەکردووە، لە ئەگەریی ئەنجامدانی هەر چالاکیەکی سەربازی یان سیاسی لەلایەن چینەوە، دەڵێت چین فشاری سەربازی و ئابووری دەکات تاوەکو دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا بکات کە بریارە لەم مانگە بەڕێوەبچێت.

 چین تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، دەسەڵاتدارانی تایوانیش ئەو قسەیەی چین رەتدەکەنەوە.

 لە مانگی ڕابردووەوە وەزارەتی بەرگری تایوان چەندین ڕووداوی فڕینی کەشتییە ئاسمانییەکانی چینی بەسەر گەرووەکانی تایواندا ئاشکراکردووە،  لەم هەفتەیەشدا رایگەیاندووە، کە هەندێک باڵۆن بەسەر تایواندا فڕیون لە نزیک فڕۆکەخانە گەورەکانی ئەو وڵاتە.

 وەزارەتەکە ڕۆژی شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە باڵۆنەکان مەترسییەکی گەورەیان لەسەر سەلامەتی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی دروست کردووە.

جەختیشیکردەوە، “ئیدانەی ئەو کردەوانەی چین دەکەین کە بایەخ بە سەلامەتی فڕۆکەوانی و سەرنشینانی گەشتەکانی کە بەسەر گەرووی تایوان تێپەڕدەبن نادەن”.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی بەرگری چین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی مانگانەدا رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو باڵۆنانە بدات.