بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باکووری کەرتی غەززە هێزە ئەمنییەکانی حەماس بڵاوبوونەوە

کشانەوەی ئیسرائیل لە چەند ناوچە و میحوەرێک لە کەرتی غەززە و باکووری کەرتی غەززە رێگەی بە زۆرێک لە فەڵەستینییەکان دا بەرەو باشوور بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەروەها بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا رێگە بە ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حەماس درا بگەڕێنەوە ئەو ناوچانە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایشی ناوجەکە.

سەرەڕای نیازی ئیسرائیل سەبارەت بە لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس، کشانەوەی ئیسرائیل بە خێرایی رێگەی بە جێگیرکردنی کارمەندانی ئاسایشی بزووتنەوەکە دا، لەوانە پۆلیس، لێکۆڵەر و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایش و نرخی ئەو کەرەستانەی کە لە بازاڕەکاندا بەردەستن، کە بازرگانان نرخەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزکردبووەوە.

“ئەبو موئمین”، کە یەکێکە لە ئەفسەرانی پۆلیسی سەر بە حەماس لە شاری غەززە بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی رایگەیاند، راستەوخۆ دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە گەڕەکی شێخ رەزوان، لە باکووری غەززە، رێنمایی خێرایان بۆ دەرچووە تاوەکو دەستبەجێ لە شەقامەکاندا جێگیر ببن. ئاماژەی بەوەشکرد، پێی باش بوو ناسنامەی تەواوی خۆی ئاشکرا نەکات بەهۆی بارودۆخی ئەمنیەوە، کە شانبەشانی کۆمەڵێک ئەفسەری پۆلیس بە جلوبەرگی مەدەنیەوە بڵاوەیان پێکراوە، بۆ رێگریکردن لە هەر دزیکردنێک لە ماڵەکان، هەروەها بۆ کۆنترۆڵکردنی نرخی شتومەکەکان.

پیاوانی بزووتنەوەی حەماس لەناو ئاوارەکاندا جێگیر بوونە، کە بەشێکیان دەستیان کردووە بە جێهێشتنی ناوەندەکانی پەنابەری بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، هەروەها سەرنجی بڵاوبوونەوەی کارمەندانی ئاسایشی حەماس بە جلوبەرگی مەدەنییەوە دراوە، هاوکات ژمارەیەکی دیکەش دەمامکیان لەبەردا بووە و چەکی سووکیان پێبووە، پرسیاریان لە شۆفێرانی هەندێک ئۆتۆمبێل کردووە، هەروەها هەندێکیان فەرمانیان بە فرۆشیاران کردووە کە نرخی هەندێک کاڵا، وەک برنج و نیسک کەم بکەنەوە، بۆ ئەوەی رووبەڕووی سزا نەبنەوە.

هەرچەندە حکومەتی حەماس دوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە هیچ راگەیاندراوێکی بڵاونەکردوەتەوە، پەیوەست بەو بابەتەوە، بەلام لە چەند رۆژی رابردوودا پێشینەیەکی یەک مووچە بۆ کارمەندانی ئاسایشی حەماس خەرج کراوە کە بڕی 800 شیکڵ بوو.

هاووڵاتییانی غەززە رایانگەیاندووە، “لە دیدگای کارمەندانی ئاسایش رازین” لە ژێر رۆشنایی پێویستی بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو دۆخەی کە ئاژاوەیەکی زۆری تێدایە وەک ئیستغلالکردن و دزیکردن.

سەمیر قەنیتە، دانیشتووی ناوچەی ئەلسەفتاوی دەڵێت، دوای ئەوەی گەڕاوەتەوە ماڵەکەی، سەری سوڕماوە کە زۆرێک لە کەلوپەلەکانی دزراون، گوتیشی: شاراوە نییە کە دزەکان لەم دواییانەدا زۆر بڵاوبوونەتەوە، و دەستیان کردووە بەم کارە. جێگیرکردنی کارمەندانی ئەمنی لەم کاتە سەختانەدا زۆر گرنگ و پێویستە چونکە ناتوانرێت رێگە بدرێت ئاژاوەی زیاتر هەبێت.

هێزەکانی ئیسرائیل لە چەند ناوچەیەکی باکووری کەرتی غەززە و شاری غەززە کشابوونەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغی سێیەم کە قۆناغێکی کەمتر چڕ و پڕە. بەڵام وردترە، وەک باسکراوە.

ھەواڵی زیاتر