تەندروستی فەڵەستین: بەهەزاران تووشبووی شێرپەنجە لە کەرتی غەززە بێ دەرمانن

سەرچاوە تەندروستییەکانی فەڵەستین ئاشکرایان کردووە، کە 10 هەزار تووشبووی نەخۆشی شێرپەنجە لە کەرتی غەززە هەیە و بێ دەرمانن، ئەمەش دوای ئەوەی نەخۆشخانەی “سەداقە”ـی فەڵەستین-تورکی بەتەواوی لەخزمەت دەرچوو.

ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین “وەفا” بڵاوی کردەوە، لە ئەنجامی بەردەوامی شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، کە ماوەی نزیکەی 88 رۆژە بەردەوامە، لە ئاکامی ئەو شەڕەدا خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان تێکچوون و دەرمان و چارەسەری پزیشکی لەکەرتەکە نەماون.

سەرچاوەکان تەندروستییەکانی فەڵەستین بە ئاژانسەکەیان گوتووە، “توشبووانی شێرپەنجە لە کەرتی غەززە کە ژمارەیان 10 هەزار تووشبووە، لە بارودۆخێکی ترسناک و نامرۆڤانەدا دەژین، هەروەها هیچ جۆرە دەرمانێکیان نییە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکە لە کەرتی غەززە”.

لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا، نهۆمی سێیەم و کۆتایی نەخۆشخانەی “سەداقە”ـی فەڵەستین-تورکی، کەوتە بەر هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و بەهۆیەوە زیانی زۆری لێکەوتەوە و نەخۆشخانەکە لە خزمەت دەرچوو.

رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاترلە 240 هاووڵاتی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران. هه‌روه‌ها بەپێی ئاماری سوپای ئیسرائیل لە دەستپێکی شەڕی غەززە تا ئێستا زياتر له‌ 500 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.

له‌مباره‌یه‌وه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی فه‌ڵه‌ستین له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ژماره‌ی كوژراوانی غه‌ززه‌ له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكی جه‌نگه‌وه‌، گه‌یشتووه‌ته‌ 21 هه‌زار و 978 كه‌س. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، ژماره‌ی بریندارانیش گه‌یشتووه‌ته‌ 58 هەزار و 697 كه‌س.

ھەواڵی زیاتر