چین هەڕەشەی سەپاندنی سزای بازرگانی لە تایوان دەکات

حکومەتی چین رۆژی چوارشەممە، هەڕەشەی سەپاندنی سزای زیاتری بازرگانی بەسەر تایواندا کرد، ئەگەر بێت و پارتی دەسەڵاتداری تایوان بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی ئەو دوورگەیە.

لەم مانگەدا تایوان چینی تۆمەتبارکرد بە “زۆرەملێی ئابووری و دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا”، ئەمەش لەدوای ئەوە دێت کە پەکین کەمکردنەوەی باجی گومرگی لەبارەی هاوردەکردنی ماددە کیمیاییەکان لە تایوان کۆتایی پێهێنا.

 چین راشیگەیاند، پێی وایە تایوان رێککەوتنێکی بازرگانی دامەزراندووە، بە پێچەوانەی رێساکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و ئەو رێککەوتنە بازرگانییەی کە لە ساڵی 2010 لە نێوانیاندا واژۆ کرابوو.

چن پین هوا، گوتەبێژی فەرمانگەی کاروباری تایوانی چین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “هۆکاری سەرەکی” کێشەکانی رێککەوتنی ساڵی 2010، پابەندبوونی پارتی دیموکراتی پێشکەوتنخوازی دەسەڵاتدارە لە تایوان، کە سەربەخۆیی فەرمی بۆ ئەو دوورگەیە راگەیاندووە.

 پین هوا گوتیشی: “ئەگەر دەسەڵاتدارانی پارتی دیموکراتی پێشەکەوتنخواز بڕیاریانداوە پابەندبن بە هەڵوێستی خۆیانەوە سەبارەت بە سەربەخۆیی تایوان و پاشگەز نابنەوە، ئێمە پشتگیری لە یەکخستنی بەشە پەیوەندیدارەکان دەکەین بۆ ئەوەی بەپێی رێساکان هەنگاو بنێن”.

 ئاماژەی بەوەشکرد، دەتوانرێت هەموو بابەتەکان لەگەڵ تایوان گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، بەڵام لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی سەربەخۆیی دوورگەکە، دەشڵێت: سەربەخۆیی ئەو دوورگەیە بە واتای شەڕ دێت.

ئەو گرژییانە لەکاتێکدایە بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تایوان لە 13ـی 1ـی 2024 بەڕێوەبچێت، لە کاتێکدا چین تایوان بە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت.