ئەفسەرێکی پێشووی هەواڵگری ئەمەریکا: هاوپەیمانی ناتۆ ناتوانێت رووبەڕووی هێزەکانی رووسیا بێتەوە

ئەفسەرێکی خانەنشینی هەواڵگری ئەمەریکا رایگەیاند، هاوپەیمانی ناتۆ شکۆمەندی خۆی لەدەستداوە وەکو هێزێکی سەربازی وێرانکەر، هەروەها بەرگەی هیچ رووبەرووبوونەوەیەکی راستەوخۆ ناگرن بەرامبەر بە هێزەکانی رووسیا.

سکۆت ریتەر، ئەفسەرێکی خانەنشینی هەواڵگری ئەمەریکا لە کەناڵی یوتیوب گوتی: “هاوپەیمانی ناتۆ متمانەی لەدەستداوە، هەرچەندە هێزێکی گەورە و هاوپەیمانییەکی گەورەیە هەیە و بە چەک و کەرەستەی قورس تەیارکراون، بەڵام ئێستادا روون بووەتەوە کە ئەو چەکانە خراپن و ئەو هێزە چیدیکە سوودی نییە”.

ریتەر باسی لەوەشکردووە، سوپای ئەڵمانیا تێکچووە و پیشەسازییە سەربازییەکەشی دابەزیووە بەهۆی سزاکانی رۆژئاوا بۆ سەر رووسیا، هەروەها بەرلین ناتوانێت تانک بۆ هێزەکانی دابین بکات.

 ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئەڵمانی هێزێکی کاریگەر و بەهێز بوو لەکاتی ئاشتی، بەڵام ئەوانەی ئێستا دەچنە ریزەکانی سوپای ئەڵمانیا ئەوانەن کە ناتوانن کارێکی ئاسایی بۆ خۆیان بدۆزنەوە، هەروەها ئێستا ئەو سوپایە لەکەسانی قەڵەو پێکهاتووە کە هەرگیز راهێنانی زۆرەملێیان بە ئامێرەکانی راکردن نەکردووە و هیچ هێزێکیان نییە.

ئەفسەرە خانەنشینکراوەکەی هەواڵگری ئەمەریکا راشیگەیاند، “موژدەیەکی خۆش بۆ هاوپەیمانی ناتۆ ئەوەیە کە سوپای رووسیا پلانی داگیرکردنی ئەڵمانیای نییە”.

هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) هاوپەیمانێکی سەربازی نێودەوڵەتییە کە 34 وڵات لە جیهاندا تێیدا ئەندامن، هاوپەیمانییەکە لە ساڵی 1949 لە واشنتن دامەزراوە. ئەرکی ئەو هاپەیمانییەتە بەرگریکردن و پاراستنیوڵاتانی ئەندامە لە هەر هێرشێکدا کە بکرێتە سەریان.