دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

گرووپێكی سەر بە ئیسرائیل وێستگەكانی سووتەمەنی لە ئێران دەكەنە ئامانج

ئەمڕۆ دووشەممە 18ی 12ی 2023، بەهۆی هێرشێكی ئەلیكترۆنییەوە، لە زۆربەی بەنزینخانەکانی (تاران)ی پایتەختی ئێران، ماتۆڕەكانی پێدانی بەنزین پەک خران، هاوکات گرووپێکی هاکكەر، کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لەئەستۆ گرتووە.

تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ئێران بڵاوی کردەوە، کە خزمەتگوزاری لە زۆر لە بەنزینخانەکانی تاران پەکی کەوتووە، بەڵام هێشتا هۆکارەکەی ڕوون نەبووەتەوە.

بەدوای ئەوەدا، ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ئاشكرای كرد، گرووپێکی هاکكەر كە خۆیان بە (باڵندەی تووڕە) ناساندووە و کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە، بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لە پایتەختی ئێران لە ئەستۆ گرتووە.

ڕادیۆی سوپای ئیسرائیل ڕاشیگەیاندووە، کە ئەو گرووپە بەڵگەی ئەنجامدانی ئەو هێرشەیان بڵاو کردووەتەوە.