كارزان گلی – ههولێر
هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، نزیكەی چوار مانگی ماوە، رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەدوای كەسێكدا دەگەڕێت، تا بەسەر ئەكرەم ئێمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵدا سەركەوێت، چونكە شكستەكەی ئاكەپە بەرامبەر بە ئیمامئۆغڵو لە 2019، هەرگیز لەبیری ئەردۆغاندا كاڵ نابێتەوە و دەیەوێت ئەمجارەیان بیكەوێنێت.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، توانی لەماوەیەكی كەمدا، جێگەی خۆی لەناو دڵی ئیستانبۆڵییەكاندا بكاتەوە، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە پارتی خاس و هەدەپەن، كە ئێستا ئەو پارتە ناوی بۆ (دەم) گۆڕیوە، ئەم سەركەوتنەی ئیمامئۆغڵو، ئاكەپە و مەهەپەی دووچاری شۆك كردووە و دەیانەوێت بە هەر شێوەیەك بێت ئیستانبۆڵ لەژێر دەستی ئیمامئۆغڵو دەربهێنن.
باس لە چەند ناوێك دەكرێت كە ئەردۆغان، مەیلی هەیە بیانكاتە بەربژێری هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، بەڵام دوو كەسایەتی شانسی زیاتریان هەیە، یەكەم عەلی یەرلیكایە، كە پێشتر پارێزگاری ئیستانبۆڵ بووە و كەسێكی خۆشەویستە، هەروەها فەخرەدین كۆجا، وەزیری تەندروستیی توركیا.
راستە پارتی خاس، بڕیاریدا پشتگیری لە بەربژێری جەهەپە نەكات، كە ئیمامئۆغڵووە، بەڵام بنكەی جەماوەری ئەو پارتە لە ئیستانبۆڵ، زۆر نیگەرانن لەو بڕیارە و تەنانەت دەستلەكاركێشانەوە لەو پارتە تا دێت زیاد دەكات، بۆیە ئەگەر زۆرە دەنگدەری پارتی خاس، لە بری بەربژێری پارتەكەیان، دەنگ بە ئیمامئۆغڵو بدەن، چونكە دەزانن بەربژێری خۆیان هەرگیز ناتوانێت بەسەر بەربژێری ئاكەپە و مەهەپە سەركەوێت، بۆیە ئەردۆغان، دڵخۆشییەكی زۆری نییە بەوەی پارتی خاس، پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو ناكات، بۆیە بەدوای رێگەچارەی تردا دەگەڕێت.
دەنگدەری كورد لە ئیستانبۆڵ زۆر گرنگە، بەتایبەت دەنگدەری پارتی (دەم)، كە زیاترە لە 10%، تاوەكوو ئێستا پارتی دەم، بڕیاری نەداوە كە پشتگیری لە كام بەربژێر دەكات و دەڵێن، ئێمە بەبێ مەرج پشتگیری لە هیچ بەربژێرێك ناكەین و هەڵەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 14ی ئایار دووبارە ناكەینەوە.
دەنگۆ هەیە، ئاكەپە بەنهێنی لەگەڵ پارتی دەم كۆبووەتەوە، داوای لێكردوون بەربژێریان هەبێت و پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو نەكەن، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، چونكە پارتی دەم، لەرێگەی هاوسەرۆكانییەوە رایگەیاندووە، هیچ رێككەوتنێك ناكەن نهێنی بێت، دەبێت رێككەوتنەكە ئاشكرا بێت و رای گشتی توركیا بیزانێت.
ئەردۆغان، بەبێ دەنگدەری كورد، ئەستەمە بتوانێت ئیستانبۆڵ بباتەوە، چونكە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 28ی ئایار، ئەردۆغان لەو شارە بەرامبەر بە كەمال كلیچدارئۆغڵو دۆڕا، واتە ئەمە دووەمجارە ئەردۆغان، ئیستانبۆڵ دەدۆڕێنێت، یەكەمیان لە 2019 و دووەمیش لە 28ی ئایار، بۆیە ئەركی ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنە، كە 31_3_2024 ئەنجام دەدرێت زۆر قورسە.
ئەردۆغان، باش ئەوە دەزانێت ئەگەر ئەمجارەیان بەربژێرەكەیان بەرامبەر بە ئیمامئۆغڵو بدۆڕێت، ئیمامئۆغڵو، لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆكایەتیی توركیا، چاوی دەبڕێتە شوێنەكەی ئەردۆغان و ئەگەریش زۆرە لەسەر ئەو كورسییە دابنیشێت، چونكە ئەگەر ئەردۆغان دەستووریش بگۆڕێت و بتوانێت بۆ جاری سێیەك ببێتەوە بەربژێر، یەكەم تەمەنەكەی رێگەی نادات ركابەری ئیمامئۆغڵو بكات، دووەم ئیمامئۆغڵو، بە بردنەوەی ئیستانبۆڵ، ئیدی كار دەكات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2028 دا بتوانێت، كورسی سەرۆكایەتی لە ئەردۆغان وەربگرێتەوە.