كارزان گلی – ههولێر
سەرۆكی شارەوانیی ئامەد، بڕیاریدا یەكێك لە شەقامەكانی ئەو شارە بەناوی شێخ سەعیدی پیرانەوە بكات، بەڵام ئەم هەنگاوە كاردنەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و سیاسییەكانی توركیا، بەشێكیان سووكایەتی بە شێخ دەكەن و بەشێكی تریشیان بە گرنگەوە باسی دەكەن. نەوەی شێخ سەعیدیش نیگەران بوونە و دەڵێن رێگە نادەین سووكایەتیی بەباپیرمان بكرێت.
شێخ سەعیدی پیران، كەسایەتییەكی گەورە و بەناوبانگی كورد بووە لە توركیا، دوای ئەوەی ئەتاتورك، كۆماری توركیای دامەزراند، ئەو سەرهەڵدانی دژی ئەتاتورك دەستپێكرد و گوتی، ئەو كۆمارە هیچ داواكارییەكی كوردی تێدا نییە و دەبێت دژی بوەستینەوە.
ئەگەرچی توركە نەژادپەرستەكان، دەڵێن بە فیتی فەڕەنسا و ئینگلیز دژی ئەتاتورك وەستاوەتەوە، بەڵام كورد ئەوە رەتدەكاتەوە و دەڵێن، سەرهەڵدانی شێخ سەعید، رەوایە و بۆ مافی كورد بووە، هەر ئەمەشە وای كردووە كاتێك ناوی شێخ دێت، ئیدی سیاسییەكانی توركیا دژایەتی یەكتری دەكەن و بەشێك بەرگری و بەشێكی تریشیان سووكایەتی بە شێخ دەكەن.
ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، دەڵێت ” دەزانم لەو سەردەمە و بەگوێرەی بارودۆخی ئەوكات شێخ سەعید سەرهەڵدانی دژی كۆماری توركیا كرد، ئەو ئازارەی ئەوكات هاتە كایەوە، با نەوەكانی شێخ سەعید نەیچێژن و دەبێت رێزیان لێ بگرین“
بەڵام ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر، كە كەسایەتییەكە دژە كوردە و بەئاشكرا سووكایەتی بە شێخ سەعید دەكات، دەڵێت رۆژێك دێت، كە ئەو شەقامەی بەناوی شێخ سەعیدیان كردووە، ئێمە بەناوی زیا گۆكئاڵپ، كەسایەتی مەردی ئامەدی دەكەین“
زیا گۆكئاڵپ، كوردێكی خەڵكی ئامەدە و بیرۆكەی نەژادپەرستی لەناو توركدا ئەو دایمەزراند و بەیەكێك لە كۆمەڵناسە گەورەكانی توركیا دادەنرێت، بەڵام خزمەتی بە تورك كرد نەك كورد، بۆیە توركەكان خۆشیان دەوێت و كوردیش نەفرەتی لێدەكات.
موحەرەم ئینجە، سەرۆكی پارتی مەملەكەت، بەئاشكرا دەڵێت، شێخ سەعیدی پیران خاینە و دووپاتی دەكاتەوە ئەو پشتگری لە ئەتاتورك دەكات.
فاتیح ئاڵتایلی، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، كە زۆرجار خۆی وەكوو كەسێكی بێلایەن دادەنێت و دەڵێت كورد و تورك لای ئەو یەكە، كەچی لەبابەتی شێخ سەعیددا، نەیتوانی كین و رقەكەی بەرامبەر بە كورد بشارێتەوە، بۆیە دەڵێت، هەرگیز نابێت قبوڵ بكرێت لە ئامەد شەقامێك بەناوی شێخ سەعیدەوە بكرێت و دەڵێت، شێخ كەسێكی خاین و بێرەوشت بووە، چونكە دژی كۆماری توركیا سەرهەڵدانی كردووە.
سەندیكای پارێزەرانی ئامەد، بەفەرمی داوای یاساییان لەسەر ئاڵتایلی تۆمار كردوە و دەڵێن بەهۆی ئەو سووكایەتییەوە دەبێت باجی خۆی وەربگرێت.
هەریەك لە پارتی دەم و هوداپاریش، پشتگیری خۆیان بۆ شێخ سەعید دەربڕیوە و دەڵێن قبوڵی ناكەین سووكایەتی بەو كەسایەتییە گەورەیەی كورد بكرێت.
شێخ سەعیدی پیران، لە مانگی شوباتی 1925، سەرهەڵدانی دژی كۆماری توركیا دەستپێكرد و لە گوندی كۆلهیسار لە ئامەدەوە دەستپێكرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەموو عەشیرەتە كوردەكان پشتگیریان نەكرد، بۆیە ئەتاتورك توانی بەسەریدا زاڵ بێت و دەستگیری بكات.
شێخ زۆر بە دڕندانە لەسێدارە درا و تاوەكوو ئێستاش نازانرێت لە كوێ نێژدراوە، هۆكارەكەشی ئەوەیە، تا گۆڕەكەی پیرۆز نەكرێت، چونكە ئەو بەلای تورك و ئەتاتوركچییەكان خاینە و خاینیش نابێت گۆڕی هەبێت.
بەڵام ئەم رووداوە كەسەرێكی گەورەی لەناو دڵی كوردانی باكوور و پارچەكانی تردا دروست كردووە، بۆیە هەموو ساڵێك لە ساڵیادی شەهیدكردنیدا، داوا دەكەن شوێنی گۆڕەكەی بدۆزرێتەوە و وەزارەتی دادیش وەڵامیان نادەتەوە.
دادگای (ئیستقلال) لەلایەن حكوومەتی ئەوكاتی توركیاوە تایبەت بە دادگاییكردنی ئەو كەسانە دامەزرا كە بەشداری سەرهەڵدانیان كردووە، بەڵام هەزاران كوردیان لەسێدارەدا كەبەشێكی زۆری هیچ بەشدارییەكیان لەو سەرهەڵدانەدا نەبووە، ئەمەش دەریخست كە توركیا مەبەستی بووە كوردەكان ئاسیمیلاسیۆن بكات.