كرملین لەبارەی ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دەدات

كۆشكی کرملین لەبارەی ئەندامییەتی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئەوروپا هۆشداری دەدات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەندامییەتی ئۆکرانیا، یەکێتییه‌كه‌ ناسەقامگیر دەکات.

دمیتری پیسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی کرملین رایگەیاند، ئەندامییەتی ئۆکرانیا و مۆڵدۆڤا لە یەکێتی ئەوروپا، بە تەواوی بڕیارێکی سیاسییە و یەکێتی ئەوروپا بەو شێوەیە دەیەوێت پاڵپشتی بۆ ئەو وڵاتانە دەربڕێت.

ئاماژەی بەوەشدا، بێ دوودڵی ئەندامییەتی ئۆکرانیا و مۆڵدۆڤا یەكێتی ئەوروپا ناسەقامگیر دەکات. 

دوێنێ، 14ی ئەم مانگە لە یەکەم رۆژی لوتکەی ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل، 26 وڵاتی ئەندامی یەکێتییەکە، بێجگە لە هەنگاریا، بڕیاریاندا گفتوگۆکان بۆ ئەندامییەتی ئۆکرانیا و مۆڵدۆڤا لە یەکێتییەکە دەستپێبکەن. 

شه‌ڕی ئۆكرانیا له‌ (24ـی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)ـه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد و له‌ ده‌ستپێكی شه‌ڕدا رووسیا تا نزیك كیێڤی پایته‌خت پێشڕه‌ویكرد و تا ئێستاش له‌ زۆربه‌ی به‌شه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ شه‌ڕ به‌رده‌وامه‌ و به‌ ملیۆنان ئۆكرانی ئاواره‌ی وڵاتانی جیهان بوونه‌ته‌وه‌، وێڕای كوژرا و بریندارێكی زۆریش.