سیسی بۆ جاری سێیەم خۆی بەربژێر دەكاتەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

گەلی میسر، لە 12_12_2023، دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و سەرۆكێكی تازە هەڵدەبژێرن، پێشبینییەكانیش پێمان دەڵێت، عەبدولفەتاح سیسی، بۆ جاری سێیەم دەبێتەوە بەسەركۆماری میسر، چونكە ركابەرەكانی لاوازن.

بۆ یەكەمجارە لەمێژووی كۆماری میسردا دوای بەرهاری عەرەبی، كەسێك بۆ جاری سێیەم بۆی هەبێت ببێتەوە بەسەرۆك، بەڵام سیسی تەمەن 69 ساڵ، توانی بە گۆڕینی دەستووری وڵاتەكەی ببێتە ئەو سەرۆكەی بۆ سێیەمجار لەسەر كورسی سەرۆكایەتی دابنیشێت.
میسر تا 2019، بەگوێرەی دەستوور، دەبوایە هەر كەسێك دوو خول بۆی هەبێت ببێت بە سەرۆك، بەڵام سیسی دەستووری گۆڕی ئەو بڕگەیەی لەبەرژەوەندی خۆی گۆڕی و رێگەی بۆ خۆی خۆش كرد تا بتوانێت ببێتەوە بەبەربژێر، چونكە لە 2014، 2018، دوو خول سەركۆمار بووە و ئەگەر ئەمجارەش ببێتەوە بە سەرۆك، ژمارەی پێوانەیی دەشكێنێت بەوەی بۆ جاری سێیەم دەبێتەوە بەبەربژێری سەرۆكایەتی، لە دوای رووخانی حوسنی موبارەك.
لەم هەڵبژاردنەدا، سیسی ركابەری هەیە، وەكوو فەرید زەهران، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی میسر، هەروەها عەبدولسەنەد یەمامە، سەرۆكی پارتی وەفد و حازم عومەر، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری، بەڵام ئەو ركابەرانەی سیسی لاوازن، پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، بە جیاوازییەكی زۆر سیسی ببێتەوە بە سەركۆماری میسر.
چەند شڕۆڤەكارێكی سیاسی میسری و بیانی پێانوایە، ئەحمەد تەنتاوی، یەكێك بوو لە ركابەرە سەرسەختەكانی سیسی، بەڵام بەهۆی ئەو فشارە زۆرەی سیسی خستییە سەری ناچار بوو لە بەربژێری بكشێتەوە.
باس لەوەس دەكرێت، فشارەكانی سیسی بۆ سەر نەیارەكانی لەم هەڵبژاردنە وای كردووە، لەئێستاوە بڵێن هەڵبژاردنەكە پاك و بێگەرد نییە و پڕ دەبێت لە ساختەكاری.
سیسی، یەكێكە لەو سەرۆكانەی لە شەڕی حەماس و ئیسرائیلدا، زیاتر لە بەرەی یەكێتی ئەورووپا و ئەمریكایە، هەروەها رێكخراوی حەماسیشی پێتیرۆرستە، ئەمەی وای كردووە یەكێتی ئەورووپا لە سیسی و میسر نزیك ببێتەوە، بۆیە یەكێتی ئەورووپا بڕی 9 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لە میسردا هەیە و سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش بەڵێنی داوە، قەرزی زیاتر بە میسر بدات، ئەمانە هەموو وا دەكەن، سیسی شانسی بردنەوەی زیاتر بێت.
هەڵاوسانی ئابووری لە میسر 38%ە، هەروەها پارەی میسری بەرامبەر بە دۆلار زۆر دابەزیوە و 30%ی گەلی میسر لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بەڵام ئەمانە نابنە هۆكار تا سیسی دەسەڵات لەدەست بدات، چونكە ركابەرەكانی لاوازن و ئەوانەشی گەلی میسر خۆشی دەوێن، یان فشاریان خراوەتە سەر، یان خراونەتە زیندانەوە، تا سیسی رێگەی بۆ خۆش بێت وەكوو 2019 بەرێژەی 90%ی دەنگەكان ببێتەوە بە سەركۆماری میسر.
بەگوێرەی بۆچوونی ئەحمەد مەفریح، سەرۆكی لیژنەی دادوەری سەر بە رێكخراوی مافی مرۆڤی جیهانیی، ئەگەر سیسی ببێتەوە بەسەركۆماری میسر، بارودۆخی مافی مرۆڤ لە میسر زۆر خراپ دەبێت، چونكە هەموو ئەو فشارانەی پێشتر یەكێتی ئەورووپا لەبارەی خراپی رەوشی مافی مرۆڤ لەمیسری كردووە، بەڵام بەهۆی شەڕی غەززە و ئیسرائیل، چاوپۆشی لە سیسی دەكەن، ئەمەش وا دەكات چالاكوانانی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە حاڵیان خراپ بێت.
باس لەوەش دەكات، لە میسردا 1500 چالاكوان دەستگیر كراون و رەنگە لە داهاتوو ئەو ژمارەیە زۆر بەرزتر ببێتەوە.

ھەواڵی زیاتر