لە هەر ساتێكدا ئیستانبۆڵ دووچاری بوومەلەرزەیەكی گەورە دەبێتەوە

بەرپرسانی شارەوانی ئیستانبۆڵ ئاشكرای دەكەن، ئەو باڵەخانانەی مەترسی رووخانیان لەسەرە لەكاتی ئەگەری بوومەلەرزەدا، سێ ملیۆن مرۆڤی تێدا نیشتەجین، شارەزایەكی بواری زەویناسیش هۆشداری دەدات، لە هەر ساتێكدا بوومەلەرزەیەكی گەورە لە ئیستانبۆڵ دەدات.

دوای ئەو بوومەلەرزانەی چەند شارێكی توركیای هەژاند، مەترسی بوومەلەرزە لە ئیستانبۆڵ هاتووەتە بەرباس و ئەوەی زیاتر قسەی لەبارەوە دەكرێت، ئەو باڵەخانانەن كە بەرگەی بوومەلەرزە ناگرن و دەڕووخێن و ملیۆنان مرۆڤیشی تێدا دەژیت.
بەگوێرەی گوتەی بەرپرسانی شارەوانی ئیستانبۆڵ، ئەو باڵەخانانەی مەترسی رووخانیان لەسەرە سێ ملیۆن مرۆڤی تێدا دەژیت و تاوەكوو ئێستاش هیچ ئامادەكارییەك نەكراوە بۆ ئەوەی لە ئەگەری بوومەلەرزەدا ژیانی ئەوان چی لێ دێت.
ناجی گۆروور، شارەزای زەویناسی پێیوایە، هاتنی بوومەلەرزە بۆ ئیستانبۆڵ بەرێژەی 47% ئەگەرێكی بەهێزە، چونكە دەریای مەڕمەڕاش لەسەر ئەو هێڵە بوومەلەرزەیەیە كە لە چەند هەفتەی رابردوو چەند شارێكی توركیای هەژاند.
بەگوێرەی پێشبینی گۆروور، ئەگەر بوومەلەرزە لە ئیستانبۆڵ بدات رێژەكەی 7 بۆ 7.5 دەبێت و دەڵێت ئەگەری بوومەلەرزە بەجۆرێك بەهێزە لەچاوەڕوانی كەسدا نییە.
موراد یۆن، سەرۆكی سەرۆكایەتی بوومەلەرزە لە شارەوانی ئیستانبۆڵ، دەڵێت 50 پڕۆژەمان جێبەجێ كردووە بۆ ئەو یاڵەخانانەی كە مەترسی داڕووخانیان لەسەرە و بڕی 18 ملیار و 800 ملیۆن لیرەی توركیان تێدا خەرج كردووە، هەروەها 66 پڕۆژەی تر لەژێر جێبەجێكردن دان و 33 ملیار لیرەی توركیشیان بۆ ئەو بوارە جیا كردووەتەوە.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو پڕۆژانە، ناتوانن هەموو باڵەخانە كۆنەكان لەمەترسی بوومەلەرزە چاك بكەنەوە، چونكە بودجەیەكی زۆری دەوێت و سێ مرۆڤیش لەو باڵەخانانە دەژین و تا باڵەخانەكان چاك دەبێتەوە، دەبێت شوێنی نیشتەجێبونیان بۆ دابین بكرێت.
ئیستانبۆڵ یەك ملیۆن و 200 هەزار باڵەخانەی تێدایە، بەگوێرەی ئەو رووپێوییەی شارەوانی ئەو شارە ئەنجامی داوە، 800 هەزار باڵەخانە بەر لە 2000 جێبەجێكراوە و بەگوێرەی یاساكانی ئەوكات باڵەخانە دروست كراوە، بۆیە 200 هەزار باڵەخانە، لە ئەگەری هاتنی بوومەلەرزەیەكی بەهێز لەگەڵ زەوی تەخت دەبێت.
لەو رێژە باڵەخانەیەدا یەك ملیۆن و 300 هەزار خێزانی تێدایە و دەكاتە 3 ملیۆن كەس، بۆیە موراد یۆن داوا دەكات، پەلە بكرێت لەوەی ژیانی ئەو خەڵكە لە مەترسی ئەگەری هاتنی بوومەلەرزە رزگار بكرێت.
رۆژانە شارەوانی ئیستانبۆڵ، پشكنین بۆ باڵەخانەكان دەكات و ئەو باڵەخانەیەی مەترسی رووخانی لەسەر بێت و دەستنیشانی دەكەن، تا بەگوێرەی پێویست و بوونی پارە نۆژەنی بكەنەوە، بەجۆرێك بەرگەی بوومەلەرزە بگرێت.
هەموو ئەو باڵەخانانەی تازە دروست دەكرێن لە ئیستانبۆڵ، دەبێت بەجۆرێك بێت بەرگەی بوومەلەرزەی 8 رێختەر بگرێت، بەڵام مەترسی لەسەر ئەو باڵەخانانە هەیە كە كۆنن و ترس هەیە بەرگەی بوومەلەرزەی بەهێز نەگرن و وەكوو ساڵی 1999، كاتێك بوومەلەرزە لەو شارەیدا، سەدان كەسی كردە قوربانی و سەدان باڵەخانە لەگەڵ زەوی بوون بە یەك و زیانی 20 ملیار دۆلاریش بەر توركیا كەوت.

ھەواڵی زیاتر