سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ئۆپۆزسیۆن پلانی چییە بۆ ئەنكەرا و ئیستانبۆڵ؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

پارتی خاس، كە خاوەنی نزیكەی یەك ملیۆن دەنگە لە ئیستانبۆڵ، بڕیاریدا بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2024، دەنگ بە بەربژێری جەهەپە نەدەن، كە ئەكرەم ئیمامئۆغڵوە، بەڵكوو بەربژێری خۆیان دەبێت. ئەم بڕیارە بۆ ئاكەپە و مەهەپە باشە، بەڵام جەهەپە پێی نیگەران بووە، چونكە دەنگدەری پارتی خاس، بۆ ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا بۆ ئەوان گرنگە.

كاتێك باس لە گرنگی دەنگدەری كورد دەكەین لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، دەبێت ئەوەش باس بكەین، كە پارتی خاسیش لەو دوو شارە ئەوەندەی دەنگدەری كورد دەنگی هەیە، بۆیە فەرامۆشكردنی دەنگی پارتی خاس، بۆ ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەت بۆ ئەنكەرا و ئیستانبۆڵ زیانی زۆری دەبێت.
پلانی جەهەپە، دوای بڕیاری پارتی خاس، بەوەی پشتگیری لە بەربژێری جەهەپە ناكەن، نزیكبوونەوەیانە لە كورد، بەتایبەت هەدەپ.
جەهەپە، دەیەوێت لە هەفتەكانی داهاتوو، لە هەدەپ نزیك ببێتەوە، تا بتوانن دەنگدەری ئەوان لەو دوو شارە مسۆگەر بكەن، چونكە پارتی خاس و هەدەپ، دەنگ بە ئەكرەم ئیمامئۆغڵو نەدەن، ئەو شارە دەكەوێتەوە دەستی بەربژێری ئاكەپە.
هەركاتێك ئۆپۆزسیۆنی توركیا، یەكگرتوو نەبن، چەندین پۆستی باڵایان لەدەستداوە، بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2015، ئاكەپە زۆرینەی لەدەستدا و نەیتوانی حكوومەت پێكبهێنێت، سەرۆكی پەرلەمانیش دەكەوتە دەستی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەوكات مەهەپە و هەدەپە، دژایەتی یەكتریان دەكرد، بۆیە ئۆپۆزسیۆن پۆستی سەرۆكی پەرلەمانیان پێشكەشی ئاكەپە كرد، واتە بەهۆی ناكۆكییانەوە لەسەر كەسێك بۆ سەرۆكی پەرلەمان، سەرۆكی پەرلەمانیان دایەوە بە ئاكەپە، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31_3_2024، ئەگەر زۆرە هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە، بەتایبەت لە ئەنكەرا و ئیستانبۆڵ.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە، پەیامی بۆ 81 بەرپرسی لقی شارەكانی توركیا ناردووە و پێیانی گوتووە بەهیچ شێوەیەك قسەی ناشرین بە پارتی خاس نەڵێن، چونكە دەنگدەری ئەوان لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا هەر دەنگ بە ئێمە دەدەن.
ئۆزەل پێیوایە، راستە پارتی خاس بەربژێری خۆی دەبێت بۆ ئیستانبۆڵ، بەڵام دەنگدەری ئەو پارتە، دەزانێت بەربژێرەكەیان سەركەوتوو نابێت، بۆیە گرێبەست لەگەڵ دەنگدەری پارتی خاس كراوە كە دەنگ بە ئیمامئۆغڵو بدەن، دڵنیاشن بریاری پارتەكەیان كاریگەریی لەسەر دەنگدەریان نابێت.
بەڵام دەنگدەری كورد، دەكرێت بڵێین یاریكەرە سەرەكییەكەیە، چونكە زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگدەری كورد، بەتایبەت هەدەپ لە ئیستانبۆڵ بوونی هەیە و هاوسەرۆكانی هەدەپ، بەئاشكرا دەڵێن، دەرگای ئێمە كراوەیە بۆ رێككەوتن لەبارەی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا.
هەدەپ، بڕیاریداوە جارێكی تر بەبێ مەرج پشتگیری هیچ بەربژێرێك نەكات، چونكە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 28ی ئایار، بەهۆی ئەوەی بەبێ مەرج پشتگیریان لە كەمال كلیچدارئۆغڵو كرد، بۆیە دەنگدەریان سزایان دان و یەك ملیۆن دەنگ كەمیان كرد، ئەمجارەیان دەڵێن هەر رێككەوتنێك بكەین، دەبێت رێككەوتنەكە ئاشكرا بێت و بۆ رای گشتی بڵاوبكرێتەوە.
ئەگەر داكۆكی لەو بڕیارەیان بكەن، ئەستەمە ئاكەپە رێككەوتنی ئاشكرا لەگەڵ هەدەپ بكات، چونكە مەهەپە قبوڵی ناكات، بەڵام جەهەپە، ئەو رێككەوتنە دەكات و ئۆزەلیش لەوەتەی بووەتە سەرۆكی جەهەپە، زۆر خۆی لە كورد نزیك دەكاتەوە و كوردیش تا ئاستێكی زۆر ئەویان قبوڵە، بۆیە دەنگدەری كورد، بۆ جەهەپە و ئاكەپە زۆر گرنگە، هۆكارەكەش روونە، دەنگدەری كورد وەكوو دەنگدەری پارتی خاس نییە، بەڵكوو بەگوێی سەركردەكانیان دەكەن و ئەگەر بڵێن دەنگ بە ئیمامئۆغڵو مەدەن ئەوانیش نایدەن، بەڵام دەنگدەری پارتی خاس، بەبێ گەڕانەوە بۆ پارتەكەیان لە ئیستانبۆڵ، بەشێكی زۆریان دەنگ بە ئیمامئۆغڵو دەدەن.