بۆچی دەنگدەری كورد كلیلی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكانی توركیایە؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە دوای كودەتای 1980ی توركیا، هەر هەڵبژاردنێك لەو وڵاتە كرابێت، دەنگی كورد یەكلاكەرەوە بووە تێیدا. زۆرجار پارتە سیاسییەكانی توركیا كوردیان هەڵخەڵەتاندووە و چەندین بەڵێنی جۆراوجۆریان پێداون، بەڵام دوای هەڵبژاردن، بوونەتەوە گورگ بۆ گیانی كورد و داواكەی.

بە هۆی ئەو بەربەستەی لە دەستووری توركیا دانرابوو، كە هەر پارتێك نەتوانێت ١٠٪ی دەنگەكان بهێنێت ناتوانێت وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە، بۆیە پارتە كوردییەكان كاندیدەكانیان بە شێوەی سەربەخۆ دەچوونە ناو هەڵبژاردن و پاشان لەناو پەرلەمان گروپێكیان پێكدەهێنا، ئەمەش لە ساڵانی نەوەدەكانەوە تا 2015 درێژەی كێشا، لە 2015 ئیدی كورد وەكوو پارت چووە ناو پەرلەمان و بووە هێزێكی گرنگ.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2015، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، توانی 81 كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، ئەمەش بۆ یەكەمجاربوو لە مێژووی توركیا، پارتێكی كوردی وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە. هەر ئەمەش بوو وای كرد، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) زۆرینە لەدەست بدات و ناچار بن حكوومەتێكی كاتی پێكبهێنن و پاشان چوونەوە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
ئەوەی وای كردووە هەدەپە بكاتە هێزێكی گەورە و خاوەن قورسایی لەناو پەرلەمانی توركیا و لە هەڵبژاردنەكاندا، ئەو دەنگدەرە نەگۆڕانەیە كە دەنگدان بە پارتە كوردییەكان لەلایان وەكوو نامووس وایە.
تۆ سەیری پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) بكە، لە هەڵبژاردنی 2002 نەیتوانی بەربەست بشكێنێت. پارتی سەعادەت و رەفاح سەردەمانێك لە ترۆپك بوون، ئێستا وەكوو پارتی بچووك مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت. پارتی گەلی كۆمار (جەهەپە)، دەنگەكانی بەردەوام لە هەڵبەز و دابەزینێكی زۆرە، تەنانەت زۆرجار هەبووە نەیتوانیوە ببێتە پارتی دووەم و سێیەمیش. بەڵام دەنگدەری هەدەپە، كە ئێستا لەژێر ناوی هەدەپ، سیاسەت دەكەن جیاوازە و هەڵبەز و دابەزی زۆر كەمە. راستە لە هەڵبژاردنی 2023 یەك ملیۆن دەنگ كەمی كرد، بەڵام توانی پارێزگاری لەوە بكات كە بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت، كە ئێستا بۆ 7% دابەزیوە.
دەنگی هەدەپ، لە باكووری كوردستانە، كوردەكان دەنگ بە هەدەپ و ئاكەپە دەدەن، ئەو دوو پارتە لە باكوور لە كێبڕكێیەكی سەختدان، ئەمەش وای كردووە، هەدەپ ترسی لە نەشكاندنی بەربەستی هەڵبژاردن نەبێت.
راستە ئاكەپە خاوەن دەنگدەرێكی زۆرە لە باكووری كوردستان، بەڵام ئەو دەنگدەرە كوردانە، جێگیر نین و لە هەڵبژاردنێكەوە بۆ هەڵبژاردنێكی تر دەنگەكانیان گۆڕانی بەسەردا دێت و مەرج نییە تەنیا ئاكەپە هەڵبژێرن، بۆیە ئەو قسەیە باوە لەناو سیاسییەكانی توركیا ”ئەگەر كورد پشت لە هەر پارتێكی سیاسی بكات، ئەو پارتە ناتوانێت سەركەوتن بە دەست بهێنێت“.
توركیا لە 2023 چووە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی، پارتە سیاسییەكان بە خۆیان كەوتن تا بتوانن دەنگدەری كورد بەلای خۆیاندا رابكێشن، بە تایبەت ئاكەپە و جەهەپە. كە دەڵێم دەنگدەری كورد، مەبەستم دەنگدەری هەدەپ و ئەو كوردانەیە كە هەدەپ نین و هەر لایەنێك باس لە مافی كورد و داخوازییەكانی بكات، ئەوان دەنگی پێدەدەن. بینیمان دەنگدەری كورد بوو وای كرد، كەمال كلیچدارئۆغڵو، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بەرامبەر بە رەجەب تەییب ئەردۆغان، شكست بهێنێت، چونكە یەك ملیۆن و نیو دەنگدەری كورد پشتیان لە كلیچدارئۆغڵو كرد، ئەمەش وای كرد دەنگی ئەردۆغان بەرز ببێتەوە.
مەدحەت سانجار، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە زۆرجار دەیگوت ”هەدەپە كلیلی سەركەوتنی هەڵبژاردنە، بۆیە ئەوەی هەدەپە بە جیدی وەرنەگرێت زیانی زۆری پێدەگات“ ئەم گوتەیەی سانجار پێمان دەڵێت، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، هەدەپ پشتگیری لە كام كاندید بكات، ئەو كاندیدە شانسی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكاندا دەبێت.
بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیاش، كە پێنج مانگی ماوە، لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و ئەنتاڵیا، هەدەپ و كورد دەنگ بە كام بەربژێر بدەن، ئەو بەربژێرە شانسی بردنەوەی دەبێت.