سێ رۆژنامەنووسی رفێندراو لە باشووری مەکسیک ئازاد کران

داواکاری گشتی ویلایەتی گۆرێرۆ رایگەیاند، سێ رۆژنامەنووس کە لە باشووری مەکسیک رفێندرابوون ئازاد کران.

نووسینگەی داواکاری گشتی ویلایەتی گۆرێرۆ لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، رۆژنامەنووسان سیلڤیا نێسا ئارسی، ئەلبێرتۆ سانچێز و مارکۆ ئەنتۆنیۆ تۆلیدۆ بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕانی دەسەڵاتدارانی ویلایەت و دەسەڵاتدارانی فیدراڵی ئازادکراون.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، گوادالوپی دینۆڤای هاوسەری تۆلیدۆش ئازادکراوە، بەڵام کوڕەکەیان کە لەگەڵ دایک و باوکیدا رفێندرابوو، تا ئێستا بێسەروشوێنە.

نووسینگەی داواکاری گشتی پشتڕاستی کردەوە، کە سوپای مەکسیک و پۆلیس و پاسەوانی نیشتمانی “بەردەوام دەبن لە گەڕان”.

تۆلیدۆ، سەرنووسەری رۆژنامەی “ئێل ئیسپێکادۆر”، رۆژی 19ـی ئەم مانگە لە شاری تاکسکۆ رفێندرا و ئارسێ و سانچێز، کارمەندانی ماڵپەڕی “رید سیتی”، رۆژی چوارشەممە لە هەمان شار رفێندران.

مەکسیک یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتەکانی جیهان بۆ رۆژنامەنووسان.

لە 16ی ئەم مانگەدا، فۆتۆگرافەر ئیسماعیل پێلاگۆمس لە شاری سیوداد خوارێز، لەسەر سنووری ئەمەریکا کوژرا.

بەگوێرەی راپۆرتی پەیامنێرانی بێ سنوور، لە سەرەتای ساڵی 2023ەوە تا ئێستا پێنج رۆژنامەنووسی دیکە لە مەکسیک کوژراون.

لە ساڵی 2000ەوە تا ئێستا زیاتر لە 150 رۆژنامەنووس لە مەکسیک کوژراون و 28 رۆژنامەنووسی دیکەس بێسەروشوێنن.