سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سوپای ئیسڕائیل: ئه‌مڕۆ 3 سه‌ربازمان كوژران و ژماره‌كه‌ گه‌یشته كوژرانی‌ 383 ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز

سوپای ئیسڕائیل ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م كوژرانی 3 سه‌ربازی دیكه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌ به‌رامبه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ڵه‌ستین ڕاگه‌یاند و به‌مه‌ش كۆی گشتی ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازه‌ كوژراوه‌كانیان گه‌یشته‌ 383.

دانیال هاگاری گوته‌بێژی سوپای ئیسڕائیل له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له‌ شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان له‌ باكوری شاری غه‌ززه‌ له‌گه‌ل گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ڵه‌ستین 3 سه‌ربازمان كوژران.

گوتیشی: به‌مه‌ش به‌م سێ سه‌ربازه‌وه‌، كۆی ئه‌و ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازانه‌ی له‌ ده‌ستپێكی ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌ زه‌مینییه‌كاندا بۆ سه‌ر غه‌ززه‌ كوژراون 62 كه‌سن.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ 7ی ئۆكتۆبه‌ر و ده‌ستپێكی شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس تا ئێستا 383 سه‌ربازمان كوژراون.

رۆژی 7ی ئۆكتۆبه‌ری ڕابردوو كه‌تائیبی قه‌سام باڵی سه‌ربازی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس ئۆپه‌ڕاسیۆنی تۆفانی ئه‌قسای ڕاگه‌یاند و هێرشی زه‌مینی و ئاسمانی و ده‌ریایی بۆ سه‌ر ئیسڕائیل ده‌ست پێ كرد، سوپای ئیسڕائیلیش رۆژی 27ی ئۆكتۆبه‌ر وه‌ك به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ هێرشی زه‌مینی بۆ سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌ ده‌ست پێ كرد، له‌ رۆژی یه‌كه‌می ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌كاندا تا ئێستا زیاتر له‌ 12 هه‌زار فه‌ڵه‌ستینی كوژراون و شه‌ڕ و پێكدادانه‌كانیش له‌نێوان هه‌ردوولادا به‌رده‌وامییان هه‌یه‌.