سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

زیلینسكی: له‌به‌ر غه‌ززه‌ كه‌س ئاگای له‌ ئۆكراینا نه‌ماوه‌

سه‌رۆكی ئۆكراینا رایگه‌یاند كه‌ ئێستا چاوی وڵاتانی رۆژئاوا و هه‌موو جیهان له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و شه‌ڕی غه‌ززه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و كۆمه‌ك و هاوكارییمان به‌ده‌ست نه‌گات ناچارین پاشه‌كشه‌ بكه‌ین.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكراینا ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ میدیاكان گوتی: له‌ ئێستادا ئێمه‌ چاومان له‌ كۆمه‌ك و هاوكارییه‌كانی رۆژئاوایه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا وڵاتانی رۆژئاوا و جیهان چاویان له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و شه‌ڕی غه‌ززه‌یه‌، ئه‌گه‌ر رۆژئاواییه‌كان هاوكاریمان نه‌كه‌ن، ئێمه‌ ناچار ده‌بین پاشه‌كشه‌ بكه‌ین.

گوتیشی: ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژئاوا قسه‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی رازییان بكه‌ین كه‌ ده‌توانین ئه‌م زستانه‌ش شه‌ڕی دژی سوپای ڕووسیا بكه‌ین.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ماوه‌كه‌ هاوكارییه‌كان بۆ پارێزگاری و مانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی زیلینسكی له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا كه‌می كردووه‌، میدیا جیهانییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئیتر وڵاتانی جیهان بێ هیوا و بێزار بوون له‌ شه‌ڕ و ململانێكانی نێوان ئۆكڕاینا و ڕووسیا.

هه‌موو جیهان كه‌وتۆته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ ئیتر پێویسته‌ كۆتایی به‌ شه‌ڕ و ململانێكانی نێوان ڕووسیا و ئۆكڕاینا بهێنرێ، بۆ ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ حكوومه‌ت و گه‌لی ئۆكڕاینا باجی قورس بدات.