كارزان گلی – ههولێر
هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا چەند مانگێكی ماوە، چاوەكانیش لەسەر دەنگدەری هەدەپە، تا بزانن بۆ شارەكانی رۆژئاوای توركیا، چی هەڵوێستێكی دەبێت و ستراتیژییەتی چییە. هاوسەرۆكی هەدەپ، لە تازەترین لێدوانیدا دەڵێت: ”بۆ شارەكانی رۆژئاوای توركیا، ئەوان دەرگایان واڵایە بۆ هاوپەیمانیی لەگەڵ پارتەكانی تردا.“
تونجەر بەكرخان، هاوسەرۆكی پارتی دیموكراسی و یەكسانی گەلان (هەدەپ)، كە لەناو پەرلەمانی توركیا خاوەنی 62 كورسین، لەكاتی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسێكدا لە ئەنكەرا، ئاگاداری هەموو پارتە توركییەكانی كردەوە، لەمەودوا هەدەپ، بەهیچ شێوەیەك پشتگیری هیچ بەربژێرێك ناكات، ئەگەر لە چوارچێوەی رێككەوتن نەبێت و دەبێت رێككەوتنەكەش شەفاف بێت.
هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا 31_3_2024، ئەنجام دەدرێت، رەجەب تەییب ئەردۆغان، هەموو هەوڵێك دەدات تا بتوانێت شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ و ئەنتاڵیا، لە جەهەپە وەربگرێتەوە، بەڵام جەهەپەش تاكە ئامانجی ئەوەیە، بتوانێت شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ئەنتاڵیا و ئەنكەرا لە دەستی خۆی بهێڵێتەوە، بەتایبەت كاتێك لە كۆنگرەی ئەو پارتەدا كەمال كلیچدارئۆغڵو، وەكوو سەرۆكی جەهەپە نەما و ئۆزگوور ئۆزەل بووە سەرۆك و ئەم هەڵبژاردنە دەبێتە تاقیكردنەوەیەكی گرنگ بۆ ئۆزەل.
هەدەپ، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2019، لە ئیستانبۆل هیچ بەربژێرێكی نەبوو، پشتگیری لە لە بەربژێری جەهەپە، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو كرد، هەر ئەو پشتگیرییەی هەدەپەش بوو، كە ئیمامئۆغڵو توانی بەسەر ركابەرەكەیدا سەركەوێت.
دەنگۆ هەیە، هەدەپ، بەنهێنی لەگەڵ چەند سەركردەیەكی ئاكەپە دانیشتوونە و گفتوگۆیان كردووە، بەوەی ئەمجارەیان هەدەپ، پشتگیری لە ئیمامئۆغڵو نەكات، بەڵكوو بەربژێری خۆیان هەبێت، تا لەو رێگەیەوە ئاكەپە بتوانێت شارەوانی ئیستانبۆڵ بباتەوە.
بەكرخان دەڵێت: ”لەبری ئەو ستراتیژییەی لە ناوچەكانی خۆمان بیبەینەوە و لە رۆژئاوای توركیاش ببینە هۆی دۆڕانی پارتێك، دەبێت بیر لەوە بكەینەوە كە هەموو ئەو شارەوانییانەی پێشتر قەیووم كراوە ئازاد بكەین، هەروەها هەموو ئەو شارەوانییانەی لە باكوور كەوتووەتە دەستی ئاكەپە وەربگرینەوە. بەڵام دەبێت ئەوەش باس بكەین، ئێمە بۆ هەموو شارەكان بەربژێری خۆمانمان دەبێت، تەنیا لە شارەكانی رۆژئاوای توركیا، دەرگامان بۆ هاوپەیمانیی كراوەیە.“
بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی 14 و 28ی ئایار، هەدەپە، كە ئەوكات لە ژێر ناوی پارتی چەپی سەوز چوونە ناو هەڵبژاردن، بەبێ هیچ مەرجێك پشتگیرییان لە كەمال كلیچدارئۆغڵو كرد، بۆیە رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆری لایەنگرانیان بوونەوە و هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ كەم بكەن.
ئەمجارەیان هەدەپ، نایەوێت هەڵەی پێشووی پارتی چەپی سەوز دووبارە بكەنەوە، بەڵكوو بەمەرج پشتگیری لە هەر بەربژێرێك دەكەن، هەروەها وەكوو ئەوەی بكرخان باسی دەكات، دەبێت رێككەوتنەكەش بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دوای ئەو شكستەی دووچاری بوونەوە لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار، پەرشوبڵاوبوونە، پارتی خاس لەناو هاوپەیمانیی میللەت نەماوە، هەروەها هەدەپ، دەڵێت ئیتر بەبێ مەرج پشتگیری لە هیچ بەربژێرێك ناكەین، بۆیە ئەركی ئیمامئووغڵو بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان قورس دەبێت و دەبێت دووبارە ئۆپۆزسیۆن كۆ بكاتەوە تا بتوانێت وەكوو 2019، شارەوانیی ئیستانبۆڵ بباتەوە و لەوێشەوە بەرەو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە توركیا هەنگاو بنێت و لە 2028 ئامانجە گەورەكەی بهێنێتە دی.